ئێران.. نەخۆشخانەیەکی نێودەوڵەتی سووتا و نۆ کەس مردوون
مێدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە بەرە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە پارێزگای گەیلان نەخۆشخانەیەکی نێودەوڵەتی سووتاوە و ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرانیش بڵاوی کردووەتەوە، نۆ کەس لە ئاگرکەوتنەوەکەدا مردوون.
محەممەد تەقی ئاشوبی، سەرۆکی زانکۆی پزیشکی گەیلان بەڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، کاتژمێر چواری بەرە بەیان لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا 142 نەخۆش لە بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکە خەوێنرا بوون، 109 یان لە بەشی ئاسایی و 33 لە بەشی تایبەت بوون، بەڵام هەر هەموویان بۆ نەخۆشخانەکانی دیکەی پارێزگاکە گواستراونەتەوە و نۆ کەسیش لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکە مردوون.
هەروەها هادی سەلیمی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای گەیلان، ڕایگەیاندووە، 11 ئەمبۆلانس و 26 تیمی سێ کەسییان بۆ ڕزگارکردنی نەخۆشەکان ڕەوانە کردبوو، هەروا دەڵێت: 15 کەس بەهۆی دوکەڵ و گازی ئاگرکەوتنەوەکە تووشی تەنگە نەفەسیی بوون و ڕەوانەی ناوەندە تەندروستییەکان کراون.
لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی گەیلان ڕایگەیاندووە، بە 15 دەزگای ئاگرکوژێنەوە و تەواوی تیمەکانی توانیویانە ئاگرکەوتنەوەکە کۆنترۆڵ بکەن و تیمەکانی لێکۆڵینەوە دەست بەکاربوون بۆ زانینی هۆی ئاگرکەوتنەوەکە.
نەخۆشخانەی 250 قەرەوێڵەیی قائیمی گەیلان نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتوو و نێودەوڵەتییە و زۆربەی چالاکییەکانی لە بواری گەشتیاریی پزیشکی و پێشوازیی لە نەخۆشانی وڵاتانی دیکە تۆمارکراوە و بەشەکانی نەشتەرگەری و لە دایکبوون و چاودێری چڕ لەخۆ دەگرێت.