باران مەککەی فێنک کردەوە

باران لە مەککە
باران لە مەککە

باران شاری مەککەی فێنک کردەوە و حاجیان لە دەست گەرمای بەتینی سعوودییە ئاهێکیان بە بەردا هاتەوە.

دوای شەپۆلێکی بەهێز لە گەرما و گیان سپاردنی چەندان حاجی، شەپۆلێک بارانی بەهێز و تەرزە لە ئێوارەی دووەم ڕۆژی جەژنەوە شاری مەککەی گرتووەتەوە بەهۆیەوە پلەکانی گەرما بۆ نزیکەی 35 پلەی سیلیزی دابەزیون.

دەستەی کەشناسی سعوودیە باسی لەوە کردووە، پێش ئەو شەپۆلە بارانەی ڕوو لەناوچەکە بکات، پلەی گەرما لە بەشێک لە ناوچەکان لەناویاندا شاری مەککەی پیرۆز گەیشتە 48 پلەی سیلیزی، بەڵام بەهۆی باران و تەرزە بارینەوە، پلەکانی گەرمە 12 بۆ 14 پلە دابەزین ئەمەش بووە هۆکاری پشوودان بە حاجیانی ماڵی خودا و دانیشتووانی مەککە بەگشتی.

بارانبارین و ساردبوونی لەناکاوی کەشەهەوا بووە هۆکاری سەرسامیی حاجییان، بەشێکی زۆریان دەرفەتەکەیان قۆستەوە و بەشێوەی فراوان ڕوویان لە ناوچە پیرۆزەکان کرد.

بەهۆی بارانەکەوە لە چەند گەڕەکێکی مەککە لافاو هەڵسا و زیان بە چەند خانووەیەک گەیشت. هاوکات، ئاژانسی هەواڵی سعوودی ناسراو بە "واس" ئاشکرای کردووە، ئەو شەپۆلە گەرمای پێش بارانبارینەکە ڕووی لە مەککە کردووە پێوانەیی بووە و بووەتە هۆکاری گیان سپاردنی ژمارەیەک حاجی.

 دەستەی حەج و عەمرەی سعوودییە داوای لە حاجییانی ماڵی خوا کردووە بۆ کاری پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە، چونکە تیشیکی خۆرەکە بە ڕادەیەک بەهێزە مەترسی لەسەر تەندروستی و تەنانەت ژیانیان دروست دەکات.