پەدەکەسە داوا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات پێشێلکارییەکانی پەیەدە ڕابگرێت
چەکدارانی پەیەدە بەردەوامن لە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی کەسیی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە گوێرەی ڕاپۆرتە چاودێرییەکان لە سەرەتای ئەم ساڵەوە چەکدارانی بەناو "گەنجانی شۆڕشگێڕ" 18 ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS)یان دەستگیر کردووە و چارەنووسیان نەزانراوە.
جیا لە دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەنەکەسە، چەکدارانی پەیەدە 25 جار هەڵیان کوتاوەتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەنجوومەنەکە و ئەوانیش داوا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەن کە چیتر بێدەنگ نەبێت لەو پێشێلکاریانەی پەیەدە بەرانبەر بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەبڕین دەیکات.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا لە پەیامێکدا کە ئاراستەی سەرکردایەتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووە و داوا دەکات فشار بخاتە سەر پەیەدە و هێزەکانی بۆ کۆتایی هێنان بە پێشێلکارییەکان و ئاشکراکردنی چارەنووسی زیندانییەکان و ئازادکردنیان.
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی داوە، لایەنگرانیی و ئەو ڕۆژنامەنووسانەشی ڕەخنە لە ئیدارەی خۆسەری دەگرن لەلایەن پەیەدەوە کەوتوونەتە بەر شاڵاوی پەلاماردان، هەروەها ئەو گرووپەشی کە خۆیان بە "گەنجانی شۆڕشگێڕ" ناساندووە و سەر بە پەیەدەن، منداڵان و هەرزەکاران دەڕفێنن لە کەمپەکان دەستبەسەریان دەکەن بۆ خزمەتی سەربازی.
هەر لە بارەی ئەو پێشێلکارییانەی هەسەدە و پەیەدە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا دەیان کات، چالاکوانانی عەرەبیش ناڕەزاییان دەبڕیوە و دەڵێن؛ چەکدارانی پەیەدە هەیە نەک تەنیا لە ناوچە کوردییەکان، بەڵکو لە دێرەزۆر و ڕەققەش بە پاساوی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی داعش خەڵکی بێتاوان دەستگیر دەکەن، بەڵام هەسەدە بانگەشەی ئەوە دەکات، گوایە ئەوانەی دەستگیر کراون شانەکانی داعشن و لە شەڕ و تەقینەوە و هێرشەکاندا تێوەگلاون.