گەنجێک لە ڕووباری خابوور خنکا

بەرگریی شارستانیی زاخۆ ئاشکرای کرد، تەرمی گەنجێکیان لە ڕووباری خابوور لە نزیک گوندی شینئاڤا دۆزیوەتەوە.
سێشەممە (18ـی حوزەیرانی 2024)، بەرگریی شارستانیی زاخۆ بڵاوی کردەوە، کاتژمێر نۆ و 10 خولەکی ئەمشەو لە ڕووداوی خنکانی گەنجێک لە ڕووباری خابوور و نزیک گوندی شینئاڤا لە ناحیەی ڕزگاری ئاگادارکراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بەرگریی شارستانیی زاخۆ، گەنجە خنکاوە تەمەنی 29 ساڵە و ناوی (ي، س،ن )یە، خەڵکی سووریایە، دوای ئاگادار کردنەوەی بەرگریی شارستانیی زاخۆ، تیمەکان گەیشتوونەتە سەر ڕووبارەکە و دەستیان بە بەدواگەڕان کردووە، کاتژمێر 10 و 14 خولەک توانیان تەرمی گەنجە خنکاوە لە ئاودا بدۆزنەوە و بیگوازنەوە داد پزیشکی زاخۆ.
پێشتر سەرکەوت کاڕەش، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە هەزار و 292 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە و ڕووداوی هەڵدێران و خنکان و ڕووداوەکانی دیکە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تۆمار کراون، لە پارێزگای هەولێر 358 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 351 ڕووداو، لە پارێزگای سلێمانی 217 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 132 ڕووداو، لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 115 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین 98 ڕووداو، لە پارێزگای هەڵەبجە 21 ڕووداو.
بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە بەرگریی شارستانیی هەرێم، ئاماژەی بەوە کردووە، بە هۆی ئەم ڕووداوانەوە، بە گشتیی62 کەس مردوون, لەئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین 17 کەس، لەپارێزگای هەولێر 16کەس، لەپارێزگای دهۆک 9 کەس، لەئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 8 کەس، لە پارێزگای سلێمانی 8 کەس، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەک کەس، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ یەک كەس، لەپارێزگای هەڵەبجە یەک کەس و لە ئاکرێش یەک کەس.