ڕێبەری کۆریای باکوور و سەرۆکی ڕووسیا کۆبوونەوە

ڤلادیمیر پوتین و کیم جۆن ئون
ڤلادیمیر پوتین و کیم جۆن ئون

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە پیۆنگ یانگ و لەگەڵ کیم جۆن ئون ڕێبەری کۆریای باکوور کۆبووەوە.

سەردانەکەی پوتین بۆ کۆریای باکوور وەک لە ڕاگەیەندراوی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیادا هاتووە مەبەست لێی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی مۆسکۆ و پیۆنگ یانگە.

بڕیارە ڤلادیمیر پوتین ئیمزا لەسەر رێککەوتنی ستراتیجیی گشتگیر لەگەڵ ڕێبەری کۆریای باکوور بکات.

لای خۆیەوە کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە داوە، نیگەرانن لەسەردانی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کۆریای باکوور و داوای لە رژێمی پیۆنگ یانگ کرد خۆی بەدووربگرێت لە هاوکاریکردنی سەربازی ڕووسیا.

دوێنێ سێشەممە، کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرملین) بڵاوی کردەوە، کە  ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بە سەردانێکی دوو ڕۆژە دەچێتە کۆریای باکوور و دواتریش بە سەردانێکی دوو ڕۆژە دەچێتە ڤییەتنام.

کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، سەردانەکەی پوتین بۆ پیۆنگ یانگ لەسەر بانگهێشتی کیم جۆن ئون ڕێبەری باڵای کۆریای باکوورە و بە مەبەستی ڕێکخستنەوە و زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە.