هاووڵاتییانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق داوا دەکەن ناوچەکانیان وەکو هەرێمی کوردستان ئاوەدان بکرێنەوە

دیمەنێکی شاری هەولێر
دیمەنێکی شاری هەولێر

پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، هەرێمی کوردستان بە نموونەیەکی سەرکەوتوو دەبینن و داوا دەکەن، هەرێمێکی هاوشێوەش بۆ ئەوان دروست بکرێت، بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەیەکی ئەرێنی لەسەر تەواوی عێراق هەبێت.

لە 2003ـەوە عێراق زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلار بودجەی تەرخان کردووە، سەرباری دیارنەمانی زیاتر لە 250ملیار دۆلاریش، کەچی لەو پارەی ماوەتەوە، خزمەتگوازریی و ژێرخانێکی ئەوتۆ لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەدی ناکرێت.

دیارنەمانی سامانی گشتی و نەبوونی خزمەتگوازری زۆرێک لە پارێزگا سوننەنشین و شیعەنشینی هانداوە، هاوشێوەی هەرێمی کوردستان داوای دروستکردنی هەرێم بکەن. ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی کەفاش ئاماژەی بەوە کرد، 21 ساڵە حکوومەتە یەک بەدوای یەکەکانی عێراق نەیانتوانیوە ئاو و کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین بکەن.

رەحیم دەڕاجی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی كەفا گوتی: "حکوومەتە یەک بەدوای یەکەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا شکستیان هێناوە، بۆیە لە ڕووی خزمەتگوازرییەوە تەواو داڕماوین، بە شێوەیەک هاووڵاتیی عێراقی بە درێژایی 21 ساڵ و دەیان بودجەی زەبەلاح تا ئێستا کارەبا و ئاوی خواردنەوەی نییە. لە کاتێکدا ئەمانە سادەترین پێداویستی ژیانن، چجای باسی نەخۆشخانە، قوتابخانە، زانکۆ و شەقام و خزمەتگوزارییەکان بکەین".

داواکاریی بە هەرێمبوونی بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق، لەلای پارتە سیاسییەکان مایەوەی پێشوازی نەبووە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، هەر کەسێک داوای بە هەرێمبوون بکات، بە ناپاکی هەوڵدان بۆ دابەشکردنی عێراق تۆمەتبار دەکرێت.

ئەمینداری بزووتنەوەی کەفاش، ئەم تۆمەتە بە دژایەتیکردنی دەستوور ناودەبات و دەڵێت، "هەرێمی کوردستان نموونەوەی سەرکەوتنی ئەزموونی هەرێمێکە کە توانیوویەتی بە باشترین شێوە سەرچاوەکانی بەڕێوەببات".

رەحیم دەڕاجی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی كەفا ئەوەی خستەڕوو: "هەرێمی کوردستان باشترین نموونەی بە هەرێمبوونە، داواکارین ئێمەش هاوشێوەی هەرێمی کوردستان ببین بە هەرێم. بۆ ئەوەی شایستەداراییەکان و تایبەتمەندییەکانی ئەو هەرێمە کاریگەریی باشی لەسەر پارێزگاکان هەبێت و ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاست ڕەنگ بداتەوە؛ بەڵام پارتەکان ڕێگە بەمە نادەن، ئەوان بە خەڵکی دەڵێن دەنگ بەدەستوور بدەن، بەڵام ئەگەر یەک ماددەی دەستوور جێبەجی بکەیت دەڵێن بوەستە تۆ خەریکە عێراق دابەش دەکەیت، نازانم بۆ بەمە دەڵێن دابەشکاریی، چونکە هەرێمی کوردستانمان هەیە کە ئەزموونێکی تەواو سەرکەوتووە".

داواکاریی بە هەرێمبوونی بەشێک لە پارێزگاکان لە کاتێکدایە، پێشتر چەندین هەوڵ بۆ ئەم بابەتە دراون، بەڵام هەر جارە بە پاوسێک ڕێگریی لێ کراوە و هەرزوو کۆتایی بەم هەوڵانە هێنراوە.