ڕۆژانە لە 'زیقار' تەنها چوار کاتژمێر کارەبا هەیە و خەڵکیش بێ کارە

بە نزیکەی هەموو ڕۆژێک دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە پارێزگای زیقار بۆ رەخساندنی هەلیکار و ئاوڕلێدانەوەیان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە خۆپیشاندان دەکەن. هاووڵاتیانی زیقار دەڵێن: ڕۆژانە تەنها چوار کاتژمێر کارەبای نیشتیمانیمان هەیە.
لەگەڵ هەڵهاتنی ڕۆژ لە زیقار، لەگەڵیدا دەنگی ئەو گەنجانە بەرز دەبێتەوە کە داوای مافی خۆیان دەکەن. ئەوان لەسەر دەریایەک نەوتن و گیرۆدەی دوو کێشەن، بێکاریی و خراپی خزمەتگوزارییەکان.
ئەبو ئەحمەد زائیر، دانیشتووی زیقارە و سکاڵای خۆی دەکات بەهۆی خراپی کارەباوە، کە وایکردووە ببێتە هۆی گەڕانەوەی باوەشێن و وەبیرهێنانەوەی سەردەمانی کۆن.
ئەبو ئەحمەد دەڵێت، "لە پارێزگای زیقار کارەبا بەردەوام ڕووی لە خراپییە. بە داخەوە ملیاران دیناریان خەرجکرد کەچی کارەبا هێشتا خراپتر بووە، دەتوانم بڵێم ڕۆژانە تەنها چوار کاتژمێر کارەبامان هەیە. بەفرەگرەکانمان کارناکەن، سپلێت و ئامێری فێنەکەرەوەمان لە کار کەوتووە".
بە گوێرەی چاودێران پارێزگای زیقار یەکێک لە پارێزگا خراپەکانە لە ڕووی خزمەتگوزارییەکانەوە، چونکە پارێزگاکە ژێرخانەکەی خراپە و بەردەوام کارەبای دەبڕێت، ئەمەش وایکردووە خەڵکی زوو زوو خۆپیشاندان بکەن و ڕێگەکان بگرن، چونکە خەڵک پێیانوایە بەبێ خۆپیشاندان و توندوتیژی مافەکانیان دەستبەر ناکرێت.
چاودێرێک لە زیقار دەڵێت، "کێشەی بێکاری یەکێکە لەو کێشانەی بەتەواوی لە پارێزگای زیقار قوڵبووەتەوە، ئێمە سوپایەک بێکارمان هەیە کە زۆرینەیان بڕوانامەیان هەیە، ئەمەش بووەتە هۆکاری خۆپیشاندانی بەردەوام بۆ داوایی هەلی کار. کاتێک تۆ سەدان هەزارت کەسی بێکارت هەیە بێگومان خۆپیشاندان دەکرێت، حکوومەتەکانی پێشوو هیچ پلانێکی ستراتیژیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە نەبووە".
دانیشتووانی زیقار نیگەرانن لە پشتگوێخستنی دۆخی تەندروستی و کێشە بەردەوامەکانی پارێزگاکە کە زۆرینەی هۆکارەکەی گەندەڵییە، ئەمەش وایکردووە زیقار ببێتە ناوەندێکی بەردەوامی خۆپیشاندان بۆ داواکردنی خزمەتگوزاری و دامەزراندنی گەنجان.