ئاگر لە دارستانێکی تورکیا کەوتووتەوە و بەهۆی باوە کۆنترۆڵکردنی دژوار بووە

دوو رۆژە ئاگر لە پارێزگای چاناککالێی تورکیا کەوتووتەوە و وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیاش دەڵێ، بەهۆی خێرایی باوە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە سەختە.
سووتانی دارستانەکان لە شارۆچکەی ئەجەئابادی پارێزگای چاناککالێ لە تورکیا بەردەوامە، بە گوتەی ئیبراهیم یوماکلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا تا ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵنەکراوە و 540 کارمەندی بەرگری شارستانی ڕەوانەی شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە کراون بۆ کوژاندنەوەی.
یوماکلی ڕایگەیاندووە، سەرەڕای هەوڵەکان ڕووبەری 575 هێکتار لە پووش و پەڵاش و دارستان سووتاوە و بەهۆیەوە هاتووچۆی گەرووی چاناککالێ ڕاگیراو.
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا دەڵێ " تەنیا توانراوە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام خێرایی با بووەتە هۆی ئەوەی کە ناتوانین بڵێین ئاگرەکە بەتەواوی کۆنتڕۆڵکراوە".
هەروەها ئاماژەیداوە، دانیشتووانی دوو گوند بۆ شوینێکی دیکە گواستراونەتەوە، ژمارەکەیان 530 کەسە و ئێستا لە میوانخانەی سەر بە وەزارەتی وەرزش و لاوان دەمێننەوە و هیچ حاڵەتێکی کێشەی تەندروستی یان برینداربوونیش نییە.
بەرگری شارستانیی تورکیا بە نۆ فڕۆکە، شەش هێلیکۆپتەر و 94 تیمی ئاگرکوژێنەرە کە 540 کارمەندی پێکهاتوون هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن.
ئەمە دووەم ساڵە ئاگر لە ئاگر لە دارستانەکانی پارێزگای چاناککالێی باکووری رۆژئاوای تورکیا دەکەوێتەوە، مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو بەهۆی سووتانی دارستانەکانی ئەو پارێزگایە تیمەکانی فریاکەوتن دانیشتووانی 10 گوندیان بەرەو ناوچە پارێزراوەکان ڕاگواست تا دوای کۆنترڵکردنی ئاگرەکە.
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی بەرگری شارستانیی تورکیا بە درێژایی ساڵی 2022، لە سنووری 31 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان 203 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە ڕوویداوە و ڕووبەری نزیکەی 11 هەزار هێکتار دارستان بوون بە خەڵووز.