لە چوار ڕۆژی جەژندا 1028 ئاژەڵ لە کوشتارگەی هەولێر کراونەتە قوربانی

کوشتارگەی هەولێر
کوشتارگەی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر ڕایگەیاند، لە چوار ڕۆژی جەژندا، هەزار و 676 ئاژەڵی قوربانیان ڕەت کردووەتەوە بەهۆی دەرنەچوونیان لە پشکنین و ئاشکراشی کرد: زیاتر لە 70 هەزار کیلۆ گۆشت لەو ماوەیەدا لە کوشتارگەکەیان بۆ قوربانی ئامادە کراوە.

چوارشەممە (19ـی حوزەیرانی 2024) هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەری هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە چوار ڕۆژی جەژندا، 269 ئاژەڵی گەورە و 759 ئاژەڵی بچووک کراوەتە قوربانی و هەزار و 676 ئاژەڵیشیان ڕەت کردووەتەوە، لەبەر دەرنەچوونیان لە پشکنین.

هەڵمەت هەمزە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ئاژەڵە گەورانەی کراونەتە قوربانی، 53 هەزار و 800 کیلۆگرام بوونە و ئاژەڵە بچووکەکانیش 17 هەزار و 457 کیلۆگرام بوونە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر ساڵی ڕابردوو، 513 ئاژەڵی گەورە و هەزار و 359 ئاژەڵی بچووک کراونەتە قوربانی و لە ساڵی 2022ـشدا، 623 ئاژەڵی گەورە و دوو هەزار و 852 ئاژەڵی بچووک کرابوونە قوربانی.

بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەری هەولێر باسی لەوەش کرد: یەکێک لە هۆکانی دابەزینی ڕێژەی قوربانی لەمساڵدا، بۆ گرانیی نرخی ئاژەڵ دەگەڕێتەوە، کە لە پێش جەژنی قوربانەوە، بەشێوەیەکی ڕێژەیی لەچاو ساڵی ڕابردوو، نرخی ئاژەڵ گرانتربوو.

هەروەها هەڵمەت هەمزە گوتیشی: ئەمساڵ بەشێک لە هاووڵاتییان ئاستەنگیان بۆ کارەکانیان دروست کرد بەهۆی هێنانی قەساب بۆ کوشتارگە تاوەکوو لەوێ قوربانییەکەیان بۆ بکات، کە بەشێکیان شارەزایی پێویست یان کارتی تەندروستییان نەبووە و ئەمەش گرفتی بۆیان دروست کردووە.

بەڕێوەبەرایەتی کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا، ڕۆژانە ماوەی 12 کاتژمێر کاری کردووە و ئاماژەی بەوەش کردووە: ئەو ئامارەی قوربانی کردنە تەنیا لە ماوەی کارکردنی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بووە.

ئاماری سێ ساڵی قوربانی کردن لە کوشتارگەی هەولێر
ئاماری سێ ساڵی قوربانی کردن لە کوشتارگەی هەولێر

 

Fly Erbil Advertisment