لێدوانێکی هاگاری دەربارەی حەماس ناتانیاهۆی توڕە کرد

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، لێدوانیکی دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل سەبارەت بە بێتوانایی لە نەهێشتنی حەماس، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی توڕە کردووە.

مێدیا عبریەکە ڕایگەیاندووە، ناتانیاهۆ و وەزیری بەرگری یۆاڤ گالانت، داوایان لە نووسینگەی هێرزی هالیڤی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای هرتسی هالڤی کردووە، ڕوونکردنەوە دەربارەی لێدوانەکەی هاگاری بدەن.

دانیال هاگاری گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند، بزووتنەوەی حەماس بیرۆکەیەکە ناتوانرێت لەناوببرێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە ناتوانرێت هەموو ڕفێنراوەکان بە ڕێگای سەربازی بگەڕێنرێنەوە.

بەگوێرەی کەناڵی 13ی ئیسرائیلی، هاگاری دەڵێت، "حەماس بیرۆکە و حزبێکە و لە دڵی خەڵکدا چێنراوە، هەرکەسێک باوەڕی وایە دەتوانین بیشارینەوە هەڵەیە، دەشڵێت، "قسەکردن لەسەر نەهێشتنی حەماس فێڵکردنە بەگشتى".

ڕۆژنامەیەکی دیکەی عبری ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەو بەڵێنە پوچانەی ئیسرائیل دەتوانێت حەماس لەناوببات و لوبنان بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی بەردین ئاشکرا بووە"، ئەووەشی خستە ڕوو، "سوپا ئامادە نییە بۆ هیچ سیناریۆیەک لە غەززە و لوبنان".

ئەو لێدوانەی هاگاری دوای وتارێکی حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا هات، تیایدا هەڕەشەی ئەوەی کرد کە لەشکرکێشی بۆ سەر جەلیل هێشتا لە بەرنامەی کاردایە و گوتی، "بەرەی لوبنان ڕێگری لە هێزەکانی دوژمن کردووە بۆ بەشداریکردن لە غەززە و هەندێک لەو هێزانە لە غەززەدان نوخبەکانن، ترسێک لە نێو دوژمنی جەلیلدا هەیە، هاتنە ناوەوەی بەرەی مقاوەمە بۆ جەلیل بابەتێکە لەسەر مێز دەمێنێتەوە، ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوەکە گەشە بکات".

لای خۆیەوە یۆاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕایگەیاند، حزبوڵڵا ئەو کەسەیە کە شەڕەکەی دەستپێکردووە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە "ئەرکی ئیسرائیلە" دۆخەکە بگۆڕێت.

ئاماژەی بەوەشکرد: "دۆخی باکور بە نیشتەجێبوون یان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان دەگۆڕێت، ئێمەش ئەرکمان لەسەر شانە هاووڵاتیان بە سەلامەتی بگەڕێنینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

Fly Erbil Advertisment