ڕاپۆرتی ساڵانەی ئاشتی: عێراق یەکێکە لە نائارامترین وڵاتانی جیهان

ڕاپۆرتی ساڵانەی ئاشتی لە جیهان لەلایەن پەیمانگای ئابووری و ئاشتی بڵاوکرایەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە عێراق یەکێکە لە نائارامترین وڵاتانی جیهان و لە پلەی 151ـەمیندا دێت.
تا دێت شەڕ و ململانێکان زیاتر دەبن و جیهان لە لێواری جەنگێکی گەورەدایە، ڕاپۆرتی ساڵانەی پێنوێنی ئاشتیی پەیمانگای ئابووری و ئاشتی ئاشکرای دەکات، چەندین ساڵە لە دەیان وڵات ئاشتی و سەقامگیری بوونی نەماوە و عێراق یەکێکە لەو وڵاتانە.
ڕاپۆرتەکە 163 وڵات لەخۆدەگرێت، بۆ ساڵی 2024 عێراق لەرووی ئاشتی و ئارامی لە پلەی 151ـەمینی جیهان دێت. ئایسلاند وەک ئارامترین وڵاتی جیهان دەستنیشانکراوە و لە پلەی یەکەمدایە. هەروەها یەمەن لە کۆتایی ڕیزبەندییەکەدایە و لە پلەی 163ـەمینە.
شەڕ لە ئۆکرانیا و لە فەڵەستین یەکێکن لە سەرەکیترین هۆکارەکانی نەمانی ئاشتی تا کۆتایی 2023 نزیکەی 163 هەزار کەس بەهۆیەوە کوژراون، تەنیا لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ 47 هەزار کەس لە جیهان بەهۆی شەڕ و ململانێوە کوژراون.
بۆ نۆیەم ساڵ لەدوای یەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا وەک نائارامترین ناوچە لە جیهان دەستنیشانکراوە.
تا کۆتایی ساڵی 2023 زیانی ئابووری لە جیهان بەهۆی توندوتیژی گەیشتووەتە 19 ترلیۆن و 100 ملیار دۆلار. زیاتر لە 95 ملیۆن کەس لە جیهان بەهۆی ململانێکان ئاوارەبوونە یان بوونەتە پەنابەر.
هەناردەکردنی چەک زیاتر بووە و ئەو وڵاتانەی زۆرترین چەکیان هەناردەکردووە بریتین لە، ئەمەریکا، فەرەنسا، رووسیا، چین و ئەڵمانیا، تەنیا ئەمەریکا لە ٪40ـی ژمارەی چەکە هەناردەکراوەکان پێکدەهێنێت، لەو 10 وڵاتەی زۆرترین چەکیان هاوردەکردووە، شەشیان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقان.
درۆن وەک یەکێک لە کاریگەرترین چەکەکانی سەردەم سەیر دەکرێت، تەنیا لە 2023 چوار هەزار و 957 هێرشی درۆنی تۆمار کراون، بەهۆیەوە سێ هەزار کەس کوژراون.