پەنابەرانی سووری لە تورکیا ڕووبەڕووی زۆرترین توندوتیژی بوونەتەوە

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکان و شەڕی ناوخۆیی سووریا لە 2011 ـەوە، بە گوێرە ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی 10 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی سووریا پەنابەری کۆچبەری وڵاتان بوون کە دەکاتە نزیکەی 49% دانیشتووانی سووریا.
لە کۆی پەنابەرانی سووری لە جیهاندا نزیکەی سێ ملیۆن و 700 هەزار پەنابەر لە تورکیا هەن کە دەکاتە 37%ی پەنابەرانی سووری، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و پەنابەران، پەنابەرانی سووری لە تورکیا ڕووبەڕووی چەند توندوتیژی بوونەتەوە لە سەرووی هەمووشیانەوە هەڵمەتە ڕەگەزپەرستییەکان، بە تایبەت لە ناوەڕاستی 2021ـەوە، کاتێک هەڵاوسانی ئابووری و قەیرانی دارایی کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی تورکیا زیاتر بوو.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان چەندین ڕێکاری توند لە تورکیا دژی پەنابەرانی سووریا گیراوەتەبەر، لەوانە نوێ نەکردنەوەی بەڵگەی نیشینگە و بەزۆر ناردنەوەیان بۆ خاکی سووریا کە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 600 هەزار پەنابەری ڕەوانەی وڵاتەکەیان کراوەنەتەوە.