هاووڵاتییانی کەرکووک لە رێکنەکەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی نیگەرانن

هەوڵەکان بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک بەردەوامە و بڕیارە دوای جەژنی قوربان یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجام بدرێت.

فوئاد شەش مانگ پێش ئيستا بەئومێدی گۆڕینی دۆخی سەپێنراوی شارەکەیان، بە ئەستەمێکی زۆرەوە دەنگیدا، بەڵام هیچ شتێک تائێستا نەگۆڕاوە.

 فوئاد خەڵەف، دانیشتووی كەركووکە و بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە زۆر نیگەرانین کە دانیشتن ناکرێت، ئەمانەوێت کوردێک ببێتە پارێزگار جا لە پارتی بێت یان یەکێتی هیچ جیاوازی نییە.

ئاکۆ ناسیح، ئەویش دانیشتوویەکی كەركووكە و دەڵێت: "ئێمە نیگەرانین، لەبەرئەوەی ئەو پارێزگارە پارێزگارێکی باش نییە و خەڵکی حەویجەیە و عەرەبێکی شۆڤینییە، بۆیە ئەمانەوێت پارێزگار لە خۆمان بێت چ یەکێتی بێت یان پارتی، کێشەمان نییە".

کورد حەوت کورسی و عەرەب شەش کورسی و تورکمان دوو کورسی و یەک کورسیش بۆ کۆتای كریستیانەكان، دابەشبوونی کورسییەکان هاوکيشەیەکی هێندە ئاڵۆزە کە هیچ لایەک بێ ئەوەی دیكە ناتوانێت بڕیاربدات.

حەسەن مەجید سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: شاری کەرکووک بە دیاریکراوی، شارێکی فرە ڕەنگە، فرە دەنگە، فرە مەزهەبە، فرە لایەنە، ئەمە یەکێكە لەو هۆکارانەی کە پارێزگاکانی دیکە حکوومەتی خۆجێیان پێکهێناوە بەڵام لێرە نەکراوە، گوتیشی، ئێمە دەبێت ڕێککەوین چونکە خەڵکی شار زیاتر لەوە چاوەڕوان ناکات، چونکە ماوەی شەش مانگە خەڵک دەنگی داوە بۆ ئەوەی بەرهەمی دەنگەکەی بچنێتەوە.

کۆبوونەوە و گفتوگۆی زۆرکراوە بۆ ڕێککەوتن ، سێ جاریش سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان کۆبووەتەوە و کرێکوێرەکانیش هێشتا نەکراونەتەوە.

بەفشاری سەرۆکوەزیرانی عيراق محەمەد شیاع سودانی دوای پشووی جەژنی قوربان یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پاريزگای کەرکووک ئەنجام دەدرێت ، دوای کۆبوونەوەکەش لە ماوەی مانگێکدا پێکهاتەکانی کەرکووک پابەند دەکرێن بەڕێککەوتن ، بەهێزترین سیناریۆکانیش پۆستی پارێزگار دووساڵ بەدووساڵ لەنێوان کورد و عەرەب ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت.