بەرگری شارستانی هەولێر: لە هەر چوار ڕۆژی جەژن 29 حاڵەتی سووتان هەبووە

بەرگری شارستانی هەولێر
بەرگری شارستانی هەولێر

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ڕایگەیاند، لە هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربان 29 حاڵەت هەبووە لەگەڵ یەک تەرم.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2024، موقەدەم شاخەوان جاف، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرجەم ڕووداوەکانی ئەم چوار ڕۆژەی جەژن، 29 حاڵەت بووە.

ئەو گوتەبێژە گوتیشی، "لەو 29حاڵەتە 22ـی پووش و پاوان بووە، لەگەڵ سووتانی سێ ئۆتۆمبێل و سووتانی سێ خانوو یەک دوکان، لەگەڵ دۆزینەوەی یەک تەرم لە قەزای خەبات".

شاخەوان جاف ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ئەو ئاگرانەی کە هەبوو پووش و پاوان بوون و لە دەروەی شاری هەولێر بووە و بە زووترین کات هەوڵدراوە و ئاگرەکانمان کۆنتڕۆڵکردووە. بۆ ئێمە گرنگترین شت ئەوەیە زیانی گیانی نەبێت، هەرچەندە زیانی ماددی زۆر هەبووە.