ئیدارەی بایدن سزای وەزیری دارایی ئیسرائیل دەدات
بەرپرسێکی ئەمەریکی ڕایگەیاند، ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بیری لەوە کردۆتەوە کە بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل سزا بدات، ئەمەش یەکەمجارە بڕیارێکی لەو جۆرە بدات.
بەرپرسێکی ئەمەریکی بە ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیلی ڕاگەیاند، ئەو بیرۆکەیە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن یاریدەدەرە باڵاکانی بایدنەوە وروژێندرا، دڵەڕاوکێ و بێزاری لە واشنتۆن گەیشتە لووتکە. بەهۆی ئەگەری داڕمانی دەسەڵاتی فەڵەستین، دوای ئەوەی نەتوانینی مووچەی فەرمانبەران بدات کە دەبێ بدرێت، بەهۆی داهاتی باج کە ئیسرائیل لەسەر بنەمای بڕیارێک کۆی دەکاتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، هەرگیز هەنگاوێکی لەو شێوەیە لە دژی وەزیرێکی ئیسرائیل نەنراوە و ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە پشتڕاستی کردووەتەوە، کە ئەمە بووەتە هۆی نیگەرانی ئەمەریکا لە ئەگەری داڕمانی دەسەڵاتی فەلەستین.
بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکا دەڵێت، "ئیدارەی بایدن ترسی ئەوەی هەیە، ڕووخانی دەسەڵاتی فەڵەستین ببێتە هۆی ئاژاوەگێڕی لە کەرتی ڕۆژئاوا کە شانەکانی حەماس و جیهاد کۆبکاتەوە بۆبەرەیەکی نوێ بۆ شەڕی غەززە".
لە درێژەی قسەکانی ئەو بەرپرسە، داڕمانی لەو شێوەیە پلانی ئەمەریکا لە دوای جەنگ بۆ غەززە تێکدەدا، چونکە واشنتۆن هیوادارە دەسەڵاتی فەڵەستین دوای چاکسازییەکەی بگەڕێتەوە کەرتی غەززە، کەرتی ڕۆژئاوا و غەززە لە ژێر یەک قەوارەی سیاسیدا یەکبخات و ڕێگە خۆش بکات بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین.
لای خۆیەوە، بەرپرسێکی ئیسرائیلی دەڵێت، "بەشێک لە حکوومەتەکەی دەیانەوێت دەسەڵاتی فەڵەستین داڕمێت، ئەوەش بۆ ئەوەیە ئیسرائیل بتوانێت کەناری ڕۆژئاوا بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە".
ئەوەشی گوت، "نزیکەی 150 هەزار کرێکاری فەڵەستینی لە کەرتی ڕۆژئاوا لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە ڕێگرییان لێکراوە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لە ئیسرائیل، لەکاتێکدا کارمەندان تەنها نیوەی ئەو کرێکارانەیان مووچەکانیان وەرگرتووە".
نووسینگەی سمۆتریچ لە لێدوانێکدا لەسەر ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە ڕایگەیاند، وەزیر پێی وایە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی مەترسیدارە و دەوڵەتی ئیسرائیل تێکدەدات، هەروەها ئەو پارەیە ڕادەگرێت، چونکە دەسەڵاتی فەلەستین پارەی تیرۆریستان دابین دەکات و دژی دەوڵەتی ئیسرائیل کاردەکات لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی.
ئیسرائیل زۆربەی داهاتی باجی فەڵەستین بەناوی دەسەڵاتی فەلەستین کۆدەکاتەوە، و بەپێی ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ پابەندە بە گواستنەوەی بۆ ڕامەڵڵا بە شێوەیەکی مانگانە، ئەم پارانە نزیکەی 70%ی داهاتی ساڵانەی دەسەڵاتی فەڵەستین پێکدەهێنن.