ئێران: وەڵامی گونجاومان بۆ کەنەدا دەبێت

دواجار حکوومەتی کەنەدا سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستەکان و حکوومەتی ئێران لە ڕێگەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی ئیدانەی بڕیارنامەکەی کەنەدای کرد و ڕایگەیاندووە، بە مافی خۆیان دەزانن وەڵامێکی گونجاوی کەنەدا بدەنەوە.
دومینیک لوبلان وەزیری ئاسایشی گشتیی کەنەدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی سوپای پاسدارانی ئێرانی بەگرووپێکی تیرۆریستی ناساندووە و جەختی لەوەش کردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئیران بە بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ و یاسا و ڕێسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات.
لوبلان گوتیشی: حکوومەتی کەنەدا هەوڵ دەدات دڵنیا بێتەوە لەوەی حکوومەتی ئێران لە بەرانبەر کردەوە نایساییەکانی خۆی و پشتیوانیکردنی لە گرووپە تیرۆریستییەکان پارێزبەندیی نەبێت.
ئەو هەنگاوەی کەنەدا کاردانەوەی بەرپرسانی کەنەدا و ئێرانی لێ کەوتەوە.
جاستین ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە تۆڕی ئێکس نووسییویەتی "لەومەولا سوپای پاسداران لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی کەنەدایە".
هاوکات میلانی جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەداش، پۆستی فەرمانگەی حکوومیی ڕاوێژکاری گەشتی کەنەدای لە تۆڕی ئێکس دووبارە بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هۆشداری دراوە، سوپای پاسداران بەبێ هۆکار هاووڵاتییانی کەنەدایی دەستبەسەر دەکات و بە پێداگرییەوە داوا دەکات سەردانی ئێران نەکەن، ئەوانەی لە ئێرانیشن بە زووترین کات ئەو وڵاتە بەجێ بێڵن.
ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی کەنەدا، لەوانە گارێنت جینیوس ڕەخنەی لە پەسندکردنی بڕیارەکە گرتووە و ڕایگەیاندووە، دەرکردنی بڕیارە زۆر بەدەرنگ کەوتووە و لەو ماوەیەدا سوپای پاسداران لە کەنەدا دەستی بە سەرچاوەی دارایی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ڕاگەیشتووە و بەو هۆیەوە زۆر کەس گیانیان لە دەست داوە.
هاوکات ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بڕیارەکەی کەنەدای ئیدانە کردووە و ڕایگەیاندووە، ئەو هەنگاوە سیاسییە ناباو و ناعەقڵانییەی حکوومەتی کەنەدا هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر پەرەپێدانی هێزی ڕەوا و بەرزکردنەوەی ئاست و پەرەپێدانی تواناکانی ئەو هێزە پڕ لە شانازییەی لە ناخی گەلی ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە.
کەنعانی جەختی لەوە کردەوە کە سوپای پاسداران دامەزراوەیەکی سەربازیی فەرمیی وڵاتەکەیەتی کە لەسەر بنەمای دەستوور دامەزراوە و شانبەشانی هێزە چەکدارەکانی دیکەی وڵاتەکەی ئاسایش و سنوورەکانی ئێران دەپارێت و بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەش بەرەنگاری تیرۆر دەبێتەوە.
هەروەها ڕایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مافی خۆی دەزانێت وەڵامی گەنجاوی بەرانبەر بەو هەنگاوەی حکوومەتی کەنەدا هەبێت.