ئەفسەرێكی پۆلیسی کەرکووک لە کاتی بەرتیل وەرگرتن دەستگیر کرا

ئەفسەرێکی پۆلیس لە کەرکووک لەکاتی بەرتیل وەرگرتن دەستگیر کرا و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ ئەفسەرێکی دیکەی بە پلە "موقەدەم" دەرچوو. لە بەغداش کەسێک بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کرا.
دەستەی دەستپاکی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تیمەکانیان ئەفسەرێکی پۆلیسی بەڕێوەبەرایەتیی (فەرمانگەی ئاسایشی کارمەندانی کەرکووک – کاروباری ناوخۆیی)ـیان لە کاتی بەرتیل وەرگرتن لە هاووڵاتییەک، بە گوێرەی ماددەی 307ـی یاسای تاوانەکان، دەستگیرکر دووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو ئەفسەرە لە بەرامبەر ئازادکردنی ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی دەستبەسەرکراو کە سەرپێچییەکی کردبوو، داوای بڕە پارەیەکی لە هاووڵاتییەکی شارەکە کردبوو. دەستەی دەستپاکی دەڵێت، دوای ئەوەی لە بابەتەکە ئاگادار کراونەتەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاووڵاتییەکە، بۆسەیەکیان بۆ ئەفسەرەکە لەنێو شاری کەرکووک داناوە بۆ ئەوەی لە بابەتەکە دڵنیاببنەوە و، کاتێک ئەفسەرەکە خەریکی وەرگرتنی "بەرتیلەکە بووە" دەستگیریان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، بە بڕیاری دادوەر، فەرمانی دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە بۆ بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاسایشی کارمەندانی کەرکووک – کاروباری ناوخۆیی)ـیش کە پلەی "موقەدەم"ـی هەیە، دەرچووە و بۆ هەمان پرس لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ناوچەی ڕەسافەی بەغدا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی هاووڵاتییەک لە کاتی هەڵهاتن ڕاگەیاند، کە دەمانچەیەک، ژمارەیەک حەبی هۆشبەر و ئامێری بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و چەند ناسنامە و پاسپۆرتی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبوو.