کەرکووک لە کۆبوونەوە نزیکە و دیالە لە بەردەم هەڵوەشانەوەیە

K24 – هەولێر:
زیاتر لە شەش مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجامدراوە و تاوەکوو ئێستا لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن سەرکەوتوو نەبوون لە پێکهێنانی حکوومەتی خۆجیی لە هەردوو پارێزگای کەرکووک و دیالە.
هەرچەندە بڕیارە لەم نزیکانە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی بکات بۆ دابەشکردنی پۆستەکان و ڕێککەوتن، بەڵام بەشێک لایەنە سیاسییەکانی دیالە لە هەوڵی تۆمارکردنی سکاڵان لە دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە.
دوای ئەوەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە بڕیاربوو لە (1ـی شوباتی 2024) بەڕێوەبچێت بۆ (5ـی شوباتی 2024) دواخرا و لەو رۆژەشدا، بە بەشداری ئەندامانی کورد و کۆتای کریستیانەکان کە ژمارەیان هەشت ئەندامە، ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای کەرکووک یەکەم کۆبوونەوەی بەڕێوەچوو بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەندامانی عەرەب و تورکمان، دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
یەکەم هەڵبژاردن دوای 18 ساڵ لە کەرکووک
ڕۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.
ڕۆژی (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).
بەگوێرەی ئەنجامی لایەنەکان ئەو 16 کورسییە بەم شێوەیە دابەشبووە، کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خاوەنی حەوت کورسییە و لایەنە عەرەبییەکان خاوەنی شەش کورسیین و پێکهاتەی تورکمانییەکانیش دوو کورسی و کریستیانەکانیش یەک کورسییان بەدەستهێناوە.
عەرەب و تورکمانەکانیش ئەگەر پێکەوە هاوپەیمانی بکەن کۆی ژماریە کورسییەکانیان دەبێتە هەشت کورسی (لە کۆی 16 کورسی)، بۆیە ناتوانن بەبێ کورد هیچ پۆستێک لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکلایی بکەنەوە کە هاوکات بەهۆی نزیکی کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیانەکان لە لایەنە کوردییەکان، ژمارەی کورسی ئەوانیش دەبێتە هەشت کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
بەهۆی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک کە دوای 18 ساڵ یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکە بوو بەڕێوەچوو، هیچ یەکێک لەو لیستانەی کورسی ئەنجوومەنەکەیان بەدەستهێناوە نەیانتوانیوە زۆرینە بەدەستبهێنن بۆیە لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و پۆستەکانی دیکە، پێویستیان بە ڕێککەوتن و هاوپەیمانی هەیە.
سوننەکان لە دیالە ڕێککەوتن
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ڕاگەیەندراوە، لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، هاوپەیمانی (دیالتنا الوطني) چوار کورسی بەدەستهێنا و هاوپەیمانی تەقەدوم و سیادە هەر یەکەیان سێ کورسی، ئیستحقاق دوو کورسی و هەریەکە لە یەکێتی، هاوپەیمانی عەزم و ئەساسیش یەک کورسییان بەدەستهێناوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە 15 کورسی پێکهاتووە، بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو لیستی سیادە و تەقەدوم، تاوەکوو ئێستا نەتوانرابوو، ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بکرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوو ئەندامە سوننەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، هاوپەیمانییەکی نوێیان پێکهێنا و ئیستا بەگوتەی خۆیان خاوەنی گەورەترین کوتلەی ئەنجوومەنن کە لە حەوت کورسی پێکهاتووە.
لە بەرامبەر ئەوەشدا، شیعەکان سوورن لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگاری دیالە وەربگرن و بۆ ئەو مەبەستەش هۆزی تەمیم لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار خۆپیشاندان و گردبوونەوەی چەکداریشیان ئەنجامداوە و داوای هەڵبژاردنەوەی موسننا تەمیمی دەکەن، وەک پارێزگاری دیالە کە سەرۆکی هاوپەیمانی "دیالتنا"یە و خاوەنی چوار کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگایە و خۆشی لە هەڵبژاردن زیاتر لە 40 هەزار دەنگی بەدەستهێنا.
لە (5ـی شوباتی 2024) ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە زیاتر لە چوار كاتژمێر کۆبووەوە و نەیانتوانی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگرەكەی رێكبكەون. کە كێبڕكێی توند لە نێوان عومەر كروی، لە لیستی سیادە و نزار لهێبی، لە لیستی تەقەدوم هەبوو، لەو ساتەوەش دوای سێ جاری دیکە هەوڵدان بۆ کۆبوونەوە، لایەنەکان شکستیان هێناوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، عەمار شەنبەر، سەرۆکی جووڵانەوەی جەماوەری لە پارێزگای دیالە ڕایگەیاندووە: لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەن بۆ هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بەهۆی شکستهێنانی لایەنەکان لە ماوەی پێنج مانگدا، ڕێکبکەون لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە پارێزگای دیالە.
ئەو جووڵانە جەماوەرییەی دیالە فشاریان لەسەر لایەنەکان دروستکردووە، ئەگەر بەرژەوەندییە حزبییەکانیان بەلاوە نەنێن و ڕێکنەکەون لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگارێکی نوێ بۆ دیالە، ئەوا ناچاردەبن، هەموو ڕێکارێکی یاسایی و دەستووریی بگرنەبەر بۆ کۆتایی هێنان بەو بنبەستە سیاسییەی کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕەوشی خزمەتگوزاریی و دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان و ئەنجامدانی پرۆژەی نوێ لە پارێزگای دیالە دروست کردووە.
هەوڵەکانی سوودانی لە کەرکووک و دیالە
دوای گەیشتنە بنبەستی هەوڵی لایەنەکان لە هەردوو پارێزگای کەرکووک و دیالە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند جارێک کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییە براوەکانی ئەو دوو پارێزگایە کۆبووەوە و جارێکیش سەردانی دیالەی کرد.
سوودانی هەوڵی گەیشتن بە سازان دەدات و هانی لایەنەکان دەدات سازش بۆ یەکتری بکەن لەپێناو وەلانانی ناکۆکییەکان و گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە کەرکووک و دیالە، کە بەپێی لێدوانی لایەنەکان پێدەچێت، هەوڵەکانی سوودانی لە کەرکووک بەرهەمێکی هەبێت، بەڵام لە دیالە هیچ ئاسۆیەک بۆ ڕێککەوتن نابینرێت.
ناکۆکی نێوان لایەنە سوننەکان، سەرچاوەکەی لە پەرلەمانی عێراقەوەیە، بەهۆی ئەوەی تاوەکوو ئێستا جێگرەی حەلبووسی دیاری نەکراوە و ناکۆکی قووڵ لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی ئەو پێکهاتەیە هەیە و ئەمەش وایکردووە نەپرژێنە سەر چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکە، بۆیە بەشێک لە چاودێران پێیان وایە، هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، کێشەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەش چارەسەر دەکات.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 لە ئەنجامی ڕێککەوتنی پێکهاتەکان لە دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوای جەژنی قوربانی کۆببێتەوە.
لەلایەن خۆیەوە، ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری عێراق لە پێکهاتەی تورکمان، چەند جارێک لێدوانی بۆ میدیاکان داوە لە نێویشیاندا بۆ کوردستان24، ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە، لە چەند ڕۆژی دوای جەژنی قوربان چاوەڕێ دەکرێت، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات.
لەبارەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی لایەنەکانیش، چەند سیناریۆیەک هەیە کە بەهێزترینیان ئەوەیە کە دوو ساڵ بە دوو ساڵ، پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە نێوان کورد و عەرەب ئاڵوگۆڕ بکرێت و تورکمانیش پۆستەکانی جێگری پارێزگار و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگایان پێبدرێت.