سروە ڕەسووڵ: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دۆسیەی ئاوارە و پەنابەرانی بە سیاسی کردووە

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەمانگیی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، دەڵێت: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ئاستی دامەزراوەی کۆچ لە هەرێمەکە ڕوویداوە.
سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەمانگیی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەردەم دەرگای بەڕووی لێقەوماوان و ئاوارەکان کراوە بووە، بە درێژایی مێژوو ئەوەی سەلماندووە.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەمانگیی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، ڕاشیگەیاند، نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستاندا ماون، کە 700 هەزاریان ئاوارەی عێراقن، هەتاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی جیددی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان نەناوە.
ناوبراو باسی لەوە کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هاوکارییەکی پێشکەشی ئاوارە و پەنابەرەکان کردووە، هەروەها هەموو هەوڵێکیشی داوە بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان تا گۆڕانی دیمۆگرافی لە ناوچەکانیان دروست نەبێت.
لەبارەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە، سروە ڕەسووڵ، گوتی: تا ئێستە وەزارەتەکە مامەڵەیەکی گونجاوی لەگەڵ دۆسیەی پەنابەراندا نەکردووە، دۆسیەکەی بە سیاسی کردووە و بە شیوەیەکی مرۆیی مامەڵەی لەگەڵدا نەکردووە.
گوتیشی: هیچ هەنگاوێکی جددیمان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق نەدیوە بۆ مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، وەزارەتەکە مەبەستێتی ببێتە بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی عێراق بۆ مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانیان کە ئەوە بابەتێکی مەترسیدارە.
لەبارەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سروە ڕەسووڵ دووپاتی کردەوە، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ئاستی دامەزراوەی کۆچ لە هەرێمەکە ڕوویداوە.