پلەی گەرما لە بەسرە خەڵکی ناچارکردووە شەوان بێنە دەرەوە

پارێزگای بەسرە
پارێزگای بەسرە

بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە لە پارێزگای بەسرە، خەڵکی ناچاران تەنها کاتی مەغریب و شەوان لەماڵەکانیان بێنە دەرەوە.

خەڵکی بەسڕە دەڵێن، بەیانیان پلەی گەرما زیاترە لە 50 پلەی سەدی، کەس توانای بەرگەگرتنی ئەو گەرمایەی نییە، هەربۆیە شەوان سەردانی شوێنە گشتییەکان و پارکەکان دەکەن.

کوچە و کۆڵان و پارکەکانی بەسڕە لە بەرەبەیاندا، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە چۆڵ دەردەکەون، بوون بە شاری خێوەکان.

هاووڵاتییەکی شاری بەسڕە بە کوردستان24 دەڵێت، "کاتێکی کەم پێش بانگی مەغریب یاخود دوای نانخواردن دەیێنە دەرەوە، چونکە پلەکانی گەرما بە ڕۆژدا زۆر بەرزن، ئێستە کاتژمێر 06:30 ئێوارەیە بەڵام من عارەق دەکەمەوە و جەستەم ماندوو بووە، کەشوهەواکە زۆر گەرمە".

لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییەکی دیکە گوتی، "دەرچوونەکانمان زۆرینەی بە ئێواراندایە، چونکە کەشەکە گەرمە، هێشتا بەغدا و کەربەلا لە ڕووی پلەی گەرماوە لە بەسڕە باشترن. بەیانیان لەماڵ دەرناچین، چونکە پلەی گەرما دەگاتە سەرو پەنجا پلەی سەدی خەریکە دەکوڵێیت".

داخستنی مۆڵ و شوێنەکانی دیکە تاکە چارەسەرە بۆ هەڵهاتن لە پلەکانی گەرما بەتایبەتی لەو جێگەیانەی کراوەن، چونکە پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەوەی گەرماکە مەترسی نەخۆشی ترسناکی لێدەکرێت.

هاووڵاتی دیکە ئاماژە بەوە دەدا کە پلەکانی گەرما  بێوێنەیە لە بەرزیدا، وەک دەیبینیت خەڵک دەمە و ئێوارە بۆ کات بەسەربردن دێنە پارک و شوێنە خۆشەکان، چونکە بە بەیانیاندا کەڵکی ئەوەی نییە بچیتە دەرەوە بەڕاستی. ئەم شوێنەی منی لێم بە ئێواراندا باشترین و خۆشترین شوێنی بەسڕەیە چونکە کەناری ڕووبارە.

لە کاتژمێرەکانی دەمەو ئێوارەدا خەڵکی دەست بەجوڵە و سەردانی پارک و شوێنە گشتییەکان دەکەن، هەرچەندە کەشەکە هەر گەرمە، بەڵام ئاوابوونی رۆژ ڕاستییەکە دەگۆڕێت و خەڵکی سەردانی شوێنە گشتییەکان  و پارکەکان دەکەن.