ماركۆ گۆمباچی: ئه‌ورووپا ده‌رگا به‌ ڕووی په‌نابه‌ران داده‌خات

ماركۆ گۆمباچی
ماركۆ گۆمباچی

نووسه‌ر و شرۆڤه‌كارێكی جیۆسیاسیی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ڕاستڕه‌وه‌كان ده‌توانن سنووره‌كانی ئه‌ورووپا كۆنترۆڵ بكه‌ن و ڕێگه‌ له‌ قاچاخچییه‌كان بگرن خه‌ڵك به‌ نایاسایی بۆ ئه‌ورووپا بگوازنه‌وه‌.

ڕۆژی هه‌ینی 21ـی حوزه‌یرانی 2024، ماركۆ گۆمباچی، نووسه‌ر و شرۆڤه‌كاری جیۆسیاسیی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، كردنه‌وه‌ی ده‌رگا به‌ ڕووی په‌نابه‌ران سیاسه‌تی كۆنی یه‌كێتی ئه‌ورووپا بوو، به‌ڵام ئێسته‌ دۆخه‌ پێچه‌وانه‌ بووه‌ته‌وه‌ و ده‌رگا به‌ ڕووی په‌نابه‌ران و كۆچبه‌ران داده‌خات.

ماركۆ گۆمباچی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، وڵاتانی ئه‌ورووپا له‌ناویشیاندا ئیتاڵیا ده‌ستی به‌ توندتركردنی ڕێوشوێنه‌كان كردووه‌ بۆ ڕێگریكردن له‌ په‌نابه‌ران و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قاچاخچییه‌كان.

ئه‌و نووسه‌ر و شرۆڤه‌كاره‌ی بواری جیۆسیاسیی باسی له‌وه‌ش كرد، هه‌ر به‌هۆی په‌نابه‌رانه‌وه‌ بوو، ڕاستڕه‌وه‌كان توانیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌ورووپادا ده‌نگی زۆرینه‌ به‌ ده‌ست بهێنن.

ناوبراو گوتیشی، ڕاستڕه‌وه‌كان هاتوون بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ له‌و قه‌یرانه‌ سیاسیی و ئابوورییه‌ بگرن كه‌ خه‌ریكه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ڕووبه‌ڕووی ئه‌ورووپا ده‌بێته‌وه‌.

ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن بێسەروشوێنن.

چوارشەممە (19ـی حوزەیرانی 2024) دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بە بەشداریی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت پێک هات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێریی بارودۆخ و ئاکامی نقومبوونی بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بکات، هه‌ر دوێنێ چوارشه‌ممه‌ تیمێک ڕەوانەی ئیتاڵیا کرا.

لە ڕاگەیاندراوەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەدا هاتبوو، ئامانج لە ناردنی ئەم تیمە بۆ ئیتاڵیا بۆ هەماهەنگییە لەگەڵ نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لەو وڵاتە، تا پەیوەندیی بە دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیاوە بکەن و سەردانی شوێنی ڕووداوەکە بکەن.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو، کەسوکاری قوربانییان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەنەوە هەموو هەوڵێک دەخەنە گەڕ بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی قوربانییان، هاوکات ئامادەی هەموو هاوکاری و هەماهەنگیەکین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانن.