ڕۆژگار جەعفەر: ئەم شەو یەکەم کاروانی حاجییان بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێدەکەون

رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی وەزارەتی ئەوقاف بۆ حەجی ئەم ساڵ
رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی وەزارەتی ئەوقاف بۆ حەجی ئەم ساڵ

K24 – هەولێر:

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی وەزارەتی ئەوقاف بۆ حەجی ئەم ساڵ، ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستە 25 حاجیی هەرێمی کوردستان لە سعودییە گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش تەنیا یەک کەسیان لە رێگەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمەوە هاتبوو، ئەوانی دیکە لە ڕێگەی ڤیزای ساڵی هاتبوونە سعودییە.

رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی وەزارەتی ئەوقاف بۆ حەجی ئەم ساڵ، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا گوتی: ئەم شەو یەکەم کاروانی حاجییان لە ڕێگەی وشکانییەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەڕێدەکەون و ڕۆژی دووشەممە 24ـی ئەم مانگە یەکەم کاروانی حاجییان بە فڕۆکە، کاتژمێر 9 و 15 خولەکی بەیانی دەگەڕێنەوە بۆ هەولێر، هەروەها کاتژمێر 12ـی شەوی هەمان ڕێککەوت، کاروانی دووەم دەگاتە سلێمانی، 29ـی ئەم مانگەش دوا کاروانی حاجییان دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

لەبارەی کێشەی حاجییان لە دەروازەی عەرعەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی وەزارەتی ئەوقاف بۆ حەجی ئەم ساڵ، دەڵێت: دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە کە بەشێک لە حاجییان لە دەروازەی عەرعەر کێشەیان بۆ دروسکراوە و لەسەر سنوورەکە مابوونەوە، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا کێشەکە چارەکرا و پاسیان بۆ دابین کرا.

هاوکات گوتیشی: ئەو حاجییانە لە ڕێگەی چەند کۆمپانیایەک هاتبوون کە کۆمپانیاکان خۆیان لێ بێبەری کردبوون و وەڵامی پەیوەندییەکانییان نەدابوونەوە و لەسەر سنوور جێیان هێشتبوون.

لەبارەی ژمارەی گیانلەدەستدانی حاجییانی هەرێمی کوردستان، رۆژگار جەعفەر، گوتی: تا ئێستە 25 حاجی هەرێمی کوردستان لە سعودییە گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش تەنیا یە کەسیان لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمەوە هاتبوو، ئەوانی دیکە لە رێگەی ڤیزای ساڵی هاتبوون بۆ سعودییە.

هاوکات دووپاتی کردەوە، ئەو حاجییانەی کە لە رێگەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمەوە هاتبوون بۆ سعودییە تیمی پزیشکییان لەگەڵدا نێدرابوون و هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابین کرابوون، بەڵام ئەوانەی بە ڤیزاکانی دیکە هاتبوون بەهۆی نەبوونی خواردن و دەستنەگەیشتن بە ئاو و خزمەتگوزاریی پزیشکی گیانیان لەدەستدا.