یەکەم ڕۆژی هاوین ئۆقرەی لە بەغداییەکان بڕی

وەرزی هاوین بە گەرمایەکی سەروی پەنجا پلەی سیلیزی لە عێراق دەستی پێ کرد، سەرەڕای بەرزیی پلەکانی گەرما کێشەیەکی سەرەکی خەڵکی عێراق لە هاوینەکاندا كەمبوونەوەی كارەبایە و بۆ خو فێنک کردنەوە لە زۆربەی شەقامەکانی بەغدا سیستەمە خۆماڵییەکەی ئاو پڕژاندن دانراوە.

یەکەم ڕۆژی وەرزی هاوین لە بەغدا گەیشتە 50 پلەی سیلیزی، هاوین بە گەرمایەکی تاقەتپروکێن دەستی پێ کرد و هەر لە سەرەتاوە ئۆقرەی لە دانیشتووانی بەغدا هەڵگرتووە، هیچ شتێک دەرونی گەرمی ئەوان فێنێک ناکاتەوە، ڕێبوارانی بازاڕی بابولشەرجی، بەدەگمەن، ئەگەرنا هەموویان خۆیان دەدەنە بەر ئەم ئامێرانەی ئاو پڕژاندن بۆ خۆ فێنککردنەوە.

حاجی سەلمان داود تەمەن 85 ساڵ، 40 ساڵە لەم بازاڕە ئاو دەفرۆشێت، هیچ کاتێک وەک ئێستا بازاڕی گەرم و گوڕ نەبووە، بەدەم بەڕێکردنی موشتەریەکانییەوە قسە و باسی گەرمای بەتینی بەغدا دەکات و دوڵێ "بەدرێژایی تەمەنم گەرمای وەهام لە مانگی حوزەیراندا نەبینیووە، ئەمساڵ پلەکانی گەرما زۆر بەرزە، بەلای منەوە ئاساییە چونکە پێشووتر لە بەسرە ژیاوم، لێرە گەرمتر بوو، لە تەمەنم بەرزترین پلەی گەرما لە مانگی حوزەیراندا بینیبێتم، ئەم ساڵە.

سەرەڕایی بەرزی پلەکانی گەرما، هاووڵاتییان داد و بێدادیانە بەدەست نەبوونی کارەبای نیشتمانی، لە زۆربەی گەڕەکەکانی بەغدا پێدانی کارەبای نیشتمانی بەهاووڵاتییان کەم بووەتەوە، کێشەیەک کە زیاتر لە 20 ساڵە بەرۆکی عێراقییەکانی بەر نەداوە.

هاووڵاتییەک دەڵێ " کارەبامان هیچ باش نیە، پێنج خولەک دێت و دوو کاتژمێر دەبڕدرێت، بێزاربووین کەی ئەمە ژیانە خەڵکی عێراق تێیدا دەژی، ماندووبووین"

سەرەڕای ئەو گەرما تاقەت پڕوکێنە، بەڵام فەرهەنگی چا خواردنەوەی لای بەشێک لە هاووڵاتییان کاڵ نەکردووەتەوە، کەڕار محەممەد کە بە ئەبو زیا ناوبانگی دەرکردووە، دەڵێ "جەوەکەی زۆر گەرمە، بەڵام ئەم چایە گەرمە، مێشکمان ئارام دەکاتەوە، چونکە مێشکمان زۆر ماندووە و کێشەمان زۆرە و بارودۆخەکە بەگشتی ناخۆشە، جەوەکەی هێندە گەرمە هێلکە لە نێو تاوە دانێی، سوور دەبێتەوە".

بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای کەشناسی عیراق، لە یەکەم ڕۆژی وەرزی هاوین لە پارێزگاکانی بەغدا و بابل و میسان و موسەننا و بەسرە پلەی گەرمی 50 پلەی سیلیزی بووە، لە هەردوو پارێزگای نەجەف و زیقاریش گەشتووەتە 51 پلەی سیلیزی.

هەروەها بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا وەک ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی بۆ کردووە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەکان و ڕووبەڕووی چەند قەیرانێکی توند دەبێتەوە، لەوانە وشکەساڵی، کەمئاوی، بەبیابان بوونی دەشتاییەکانی باشوور و باوەڕاستی عێراق و زیاتر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.