پارتە ڕاستڕەوەکانی ئەورووپا دۆسیەی کۆچبەران دەکەنە دروشمی هەڵبژاردن
تا دێت پارتە ڕاستڕەوەکانی ئەورووپا بەهێزتر دەبن و بە بەکارهێنانی قەیرانی کۆچبەران توانیویانە ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا زیاتر بکەن.
پارتە ڕاستڕەوەکانی ئەورووپا بە بەکارهێنانی دۆسیەی کۆچبەران بنکەی جەماوەرییان فراوانتر دەکەن، هاتنی کۆچبەرانیان کردووەتە پاساو بۆ زیادبوونی تێچووی ژیان، گرانبوونی یەکەکانی نیشتەجێبوون و سیستەمی تەندروستی، ئەمەش وای کردووە لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا ژمارەی کورسییەکانیان زیاد بکات.
سەرکردەکانی ئەو پارتە ڕاستڕەوانە، چەندین جار بە ئاشکرا گوتاری توندیان لە دژی کۆچبەران بەکار هێناوە؛ یەکێک لەوان ماری لوپێن، سەرکردەی بەرەی نیشتمانی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی فەرەنسایە و پێشتر گوتوویەتی، لێشاوی هاتنی کۆچبەران هاوشێوەی "داگیرکاریی وەحشیگەرەکانە".
یارۆسواڤ کەچینزکی، سەرکردەی پارتی یاسا و دادپەروەی پۆڵەندا ڕایگەیاند، "کۆچبەران لەگەڵ خۆیان کۆلێرا و زیندەوەرە مشەخۆرەکانیان هێناوەتە ئەورووپا".
فراوکە پێتری، سەرۆکی پێشووی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، ئەگەر پێویست بوو "دەبێت پۆلیس چەک لە دژی کۆچبەران بەکار بهێنێت".
ئەندرێ دودە سەرۆکی پۆڵەندا دەڵێت، سەلامەتیی هاووڵاتییان گرنگترە و کۆچبەران نەخۆشی لەگەڵ خۆیان دەهێنن. ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریاش گوتوویەتی، کۆچبەران هەڕەشەن بۆ سەروەری و ناسنامی کولتووری وڵاتەکەیان.
نادین مۆرانۆ، ئەندام پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر پشکی پارتی راستڕوی کۆمارییەکانی فەرەنسا ڕایگەیاند، فەرەنسا وڵاتی کریستیان و جوو و سپی پێستەکانە، هەر کەسێک خۆی لەگەڵ نەگونجێنێت دەتوانێت جێی بهێڵێت.