شرۆڤەکارێک: چەندان ساڵە سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لە عێراق نییە

شرۆڤەکارێکی سیاسی ڕایگەیاند، چەندان ساڵە لە عێراق سەقامگیری سیاسی و ئابووری نییە؛ هەر لەبەر ئەوەیە ژینگەیەکی ئارام لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دروست نابێت.
شەممە، 22ـی حوزەیرانی 2024، ئەسیر شەرع، شرۆڤەکاری سیاسی لە بەغدا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پەیوەندییەکی نا ڕوون لە نێوان گرووپە چەکدارەکان و لایەنی حکوومیدا هەیە، چونکە گرووپە چەکدارەکان بەهەموو شێوەیەک دژی بوونی هێزەکانی ئەمەریکان، بەو هۆیەشەوە زوو زوو پێکدادان دروست دەبێت، پەلاماری هەندێک پێگە و ناوچەی ئەمەریکا لە پارێزگاکانی عێراق دەدەن.
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "ئەم کارەی گرووپە چەکدارەکان، دەبنە هۆی بەربەست لەبەردەم وەبەرهێنان لە ناوخۆی عێراقدا. بۆیە، پێویستە لێکگەیشتن هەبێت، لەنێوان حکوومەتی عێراق و گرووپە چەکدارەکان. چونکە ئەو گرووپە چەکدارانە بوونی هێزی ئەمەریکا لە ناوچەکە بەهەموو شێوەیەک ڕەت دەکەنەوە، لەبەرامبەریشدا حکوومەت دەڵێت پێویستمان بە گفتوگۆی زیاترە".
دەشڵیت: "گرووپە چەکدارەکان دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بە پێویست دەزانن، چونکە پێیان وایە هێزەکانی ئەمەریکا لە خاکی ئەوانەوە هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی دیکە. بۆیە دەبێت ئەم قۆناغە بەتەواوی لە قۆناغەکانی دیکە جیاواز بێت و زمانی گفتوگۆ بێتە بەرباس. چونکە، ئێستە قەیرانێکی نێودەوڵەتی هەیە کە پێشتریش عێراق بەشێک بووە لە قەیرانە نێودەوڵەتییەکان. بۆ ئەوەی دۆخەکە خراپتر نەبێت، پێویستە عێراق لە ڕۆژانی داهاتوویدا دەست بە گفتوگۆ بکات، تاکو ڕووبەڕووی ئەو قەیرانانە بێتەوە و چارەی بکات".
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بەوەش دا، "هەبوونی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری، چەندان ساڵە لە عێراق نییە. هەر لەبەر ئەوەیە ژینگەیەکی ئارام لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دروست نابێت، ئەگەر سەقامگیری ناوخۆی نەبێت و هێزەکان پێوەکەوە گفتوگۆ نەکەن، ئەگەر لێکگەیشتنش نەبێت، هەلیش نابێت بۆ وەبەرهێنان و عێراقێکی پێشکەوتوو".
"ئەگەر ئەو ناسەقامگیرییە بەردەوام بێت، کۆمپانیا بیانییەکانیش نایەنە ناو عێراق بۆ بونیاتنانەوەی عێراق و بەهێزکردنی ژێرخانەکەی، هەموو ئەمانە پێویستییان بە سەقامگیری سیاسی و ئابوورییە، چونکە عێراق بە ژمارەیەک شەڕ و پێکدادان تێ پەڕیوە و پێویستی بە ژێرخانە، ئێستە هیچ لێتێگەیشتنێک نییە، لەنێوان پێکهاتە شیعەکاندا ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی کێشە و ژینگەیەک خەڵکی نەتوانێت وەبەرهێنانی تێدا بکات". ئەسیر شەرع، شرۆڤەکاری سیاسی لە بەغدا وای گوت.