تا ئێستا 55 هەزار تۆن گەنم لە هەولێر وەرگیراوە

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئاشکرای دەکات، لە ڕۆژی دەستپێکردنی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانەوە تا ئێستا، 55 هەزار تۆن گەنم لەسنووری پارێزگای هەولێر لە جووتیاران وەرگیراوە.

پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەستیپێکردووەتەوە کە بەھۆی پشووەکانی جەژنی قوربان ڕاگیرابوون.

بەرێوەبەری سایلۆی ھەولێر ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا نزیکەی 55 ھەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.

دەشڵیت، بەپێی ئەو ڕێکخستنەی کراوە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران خێرابووەو بە جۆرێک لە سایلۆکانەوە پەیوەندی بە جووتیارانەوە دەکرێت بێن گەنمەکانیان ڕادەست بکەن.

بریارە دوای کۆتای ھاتنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  لە رێگەی کەرتی تایبەت بازاڕ بۆ ئەو بڕە گەنمە بدۆزێتەوە کە حکوومەتی عێراق لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستانی وەرناگرێت.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، پێشووتر ڕایگەیاند، ئەم ساڵ لە 6ـی ئەم مانگە دەستمان بە وەرگرتنی گەنم کردووە  و تا ئێستە پرۆسەکە بە باشی بەڕێوە دەچێت.

وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، ساڵانە تا نزیکەی 40 بۆ 45 ڕۆژ دەرگای سایلۆکان واڵا دەبێت بۆ ئەوەی جووتیاران گەنمەکانی خۆیان ڕادەست بکەن، بەڵام ئەگەر بینیمان پێویست دەکات، وادەی گەنم وەرگرتن درێژ دەکەینەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، 133 هەزار و 260 تۆن گەنم لە هەموو هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، لە پارێزگای سلێمانی 50 هەزار 80 تۆن گەنم وەرگیراوە، لە پارێزگای دهۆک 47 هەزار و 650 تۆن وەرگیراوە، هەولێر 34 هەزار و 730 تۆن وەرگیراوە.

Fly Erbil Advertisment