نەسرین ئەحمەد: بەشێک لە گەنمی جووتیاران بەهۆی خراپی کوالێتییەکەیەوە ڕەتکراوەتەوە

K24 – سلێمانی:
بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی خراپی کوالێتییەکەیەوە ڕێژەیەک لە گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی سلێمانی ڕەتدەکراونەتەوە.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای سلێمانی بە کوردستان24ـی گوت: تا ئێستا جووتیاران 56 هەزار تۆن گەنمیان ڕادەستی سایلۆکانیان کردووە.
بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی خراپی کوالێتییەکەیەوە رێژەیەک لە گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی سلێمانی ڕەتکراونەتەوە.
هاوکات گوتیشی: ڕۆژی یەکشەممە پارە دەخرێتە سەر ژمارە حسبابیان و دەست بە دابەشکردنی چەک بەسەر جووتیاران دەکەن.
ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە 700 هەزار تۆن دیاری کراوە، لە ڕێژەیەش 228 هەزار تۆن بۆ پارێزگای هەولێر، 282 هەزار تۆن بۆ پارێزگای سلێمانی و 189 هەزار تۆنیش بۆ پارێزگای دهۆک.
ڕۆژی (19ـی حوزەیرانی 2024) کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ساڵانە تا نزیکەی 40 بۆ 45 ڕۆژ دەرگای سایلۆکان واڵا دەبێت بۆ ئەوەی جووتیاران بێن و گەنمەکانیان ڕادەست بکەن، بەڵام ئەگەر بینیمان پێویست دەکات، وادەی گەنم وەرگرتن درێژ دەکەینەوە.
باسی لەوەش کرد، بەرهەمی ئەمساڵی جووتیاران بە گشتیی باش بووە، گەنم دەبێت چەند تایبەتمەندێکی هەبێت، ئینجا لە سایلۆکان وەردەگیرێت، ئەگەر ئەو تایبەتمەندییانەی نەبێت وەرناگیرێت و ڕەت دەکرێتەوە. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، پێوەرەکان بۆ وەرگرتنی گەنم، دەبێت گەنمەکە هی ئەمساڵ بێت و مێروو لێی نەدابێت.