ئالان حه‌مه‌سه‌عید: کارەبای بەردەواممان بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دابین کردووە

K24 - هەولێر:
سبه‌ی تاقیكردنه‌وه گشتییه‌كانی پۆلی 12 له ناوه‌نده‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت، هاوكات وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه، هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كی پێویست بۆ به‌ڕێوه‌چوون و سه‌رخستنی پرۆسه‌كه كراوه.
ڕۆژی شه‌ممه (22ـی حوزه‌یرانی 2024)، ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ كه له لایه‌ن ژینۆ محه‌ممه‌د له كوردستان24ـوه پێشكه‌ش ده‌كرێت ڕایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ، كاره‌با، گواستنه‌وه و گه‌یاندن و خوێندنی باڵا هه‌ماهه‌نگی جیددی كردووه بۆ به‌ڕێوه‌چوون و سه‌رخستنی پرۆسه‌ی تاقیكردنه‌وه گشتییه‌كانی پۆلی 12 له هه‌رێمی كوردستان.
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له پاڵ هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌ته‌كان، هاوكات پارێزگار و سه‌رپه‌رشتیاریی ئیداره سه‌ربه‌خۆكانیش هاوكار و هاوبه‌شییان له به‌ڕێوه‌چوون و سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌دا كردووه.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵێنیان داوه به‌پێی بڕی كاره‌بای به‌رده‌ست و خشته‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان هاوكاری وه‌زاره‌ته‌كه‌یان بكه‌ن بۆ دابینكردنی كاره‌بای پێویست بۆ هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌كان.
هه‌روه‌ها گوتی: تیمی تایبه‌ت له وه‌زاره‌تی كاره‌باوه ئاماده كراوه بۆ هه‌ر حاڵه‌تێك كه بۆ دابینكردنی كاره‌بای پێویست و جێگره‌وه بۆ هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌كان له ئه‌ركدا ده‌بن.
وه‌زیری په‌روه‌رده تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان توانی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و ته‌نگژه ببێته‌وه كه له وه‌رزی خوێندنی 2023 – 2024 ڕووبه‌ڕووی كرابووه‌وه، به شێوه‌یه‌ك ڕێژه‌ی 10%ـی پرۆگرامه‌كانی خوێندنیان له پۆلی 12 كه‌م كردووه‌ته‌وه و كاتی تاقیكردنه‌وه‌كانیشیان له 3ـی حوزه‌یران بۆ 23ـی حوزه‌یران دواخست، بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی له تاقیكردنه‌وه‌كاندا له سه‌رجه‌م پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، نه‌خاسمه كه له هه‌ندێك شوێندا پرۆسه‌ی خوێندن بایكۆت كرابوو.
ئالان حه‌مه سه‌عید سه‌رنجی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری قوتابخانه‌كان كه پۆلی دوازده‌یان هه‌بوو له سنووری سلێمانی ده‌وامیان كردبوو و هاوكات قوتابخانه ناحكوومییه‌كانیش به هه‌مان شێوه بایكۆتیان نه‌كردبوو.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، خوێندنی پیشه‌یی له كوردستان پێویستی به پلان و گه‌شه‌پێدان هه‌یه. ڕوونیشی كرده‌وه، پرۆگرامه‌كانی خوێندنی پیشه‌یی له كوردستان زۆر كۆنن و پێویستیان به گۆڕین هه‌یه و ئاماده‌كارییان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه جێبه‌جێ بكه‌ن.
جه‌ختیشی كرده‌وه، بۆ پێشخستنی خوێندنی پیشه‌یی له هه‌رێمی كوردستان په‌یمانگه‌یه‌كی تایبه‌تیان له هه‌ولێر دروست كردووه و ئه‌نجامه‌كانی ئه‌رێنین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له سلێمانی و كفریش هه‌مان په‌یمانگه ده‌كه‌نه‌وه.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی به‌رده‌وام كاری له‌سه‌ر پێشخستنی خوێندنی پیشه‌یی كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی قوتابی و تاكی كورد ببێته خاوه‌نی كار و پیشه‌ی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بازاڕی ناوخۆ و ده‌ره‌وه بگونجێن.
گوتیشی: له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده 32 پیشه‌ی جۆراوجۆریان دیاریی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بخرێنه ناو پرۆگرامی خوێندنی پیشه‌یی و قوتابییانی له‌سه‌ر په‌روه‌رده بكرێت، له ئێسته‌شدا حه‌وت پیشه‌یان هه‌ڵبژاردووه و ده‌ستیان پێ كردووه.
ئالان حه‌مه سه‌عید داوای له به‌ڕێوه‌به‌ری هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌كان و مامۆستایانی چاو‌دێر كرد به‌وپه‌ڕی وریایی و ئارامییه‌وه تاقیكردنه‌وه‌كان به‌ڕێوه ببه‌ن و ڕۆڵی مامۆستایه‌تییان ببینن و پابه‌ندی هه‌موو ئه‌و ڕێنماییانه بن كه له لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه ده‌رچوونه، هاوكات به پێویستیشی زانی قوتابییان له هۆڵه‌كاندا پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بن.
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی له‌سه‌ر بێگه‌ردی پرۆسه‌كه كردووه و گوتی، هه‌موو ڕێگه‌یه‌ك گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ پاراستنی پرسیاره‌كان و دوورخستنه‌وه‌یان له هه‌ر ئه‌گه‌رێكی دزه‌پێكردن.