15 ڕۆژ مۆڵەت دەدرێتە وەزیری ناوخۆی عێراق
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، 15 ڕۆژ مۆڵەت دادەنە وەزیری ناوخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە زۆری ئاگرکەوتنەوەکان لە عێراقدا.
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەم دواییانە دەیان ئاگر نەخۆشخانە و سەنتەرە گشتییەکانی لە پارێزگاکانی عێراق گرتووەتەوە، ئەمەش مایەی نیگەرانییەکەی قوڵە.
ڕاشیانگەیاند، لیژنەکە 15 ڕۆژ مۆڵەت بە عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق دەدات، لێکۆڵینەوەی ڕژد و ورد لە هۆی زۆری ئاگرکەوتنەوەکان لە عێراق بکات.
هەروەها لیژنەی ئاسایش و بەرگریی جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە زووترین کات تیمی بەرگریی شارستانی بەهێز بکات و کەرەستەی نوێیان بۆ دابین بکات.
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوێ نەدان بە ڕێکخستن و چاکردنی کارەبا، چەند ڕۆژێکە لە باشووری عێراق دامودەزگاکانی حکوومەت و نەخۆشخانەکان و چەندان شوێنی دیکە ئاگریان تێ بەربووە.