وەزارەتی ژینگەی عێراق کۆمەڵێک ڕێنمایی بۆ خۆپاراستن لە گەرما بڵاو کردەوە
یەکشەممە،23 ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی ژینگەی عێراق، کۆمەڵێک ڕێنمایی هۆشیاریی بڵاو کردەوە، بەوەی دەتوانرێت چەند هەنگاوێکی گرنگ پەیڕەو بکرێت بۆ خۆپاراستن لە وشکبوونەوەی پێست و سووتانی لە بەر خۆر لە ڕۆژانی گەرمدا، ڕێنماییەکان بەم شێوەیەی خوارەوەن.
- لەبەرکردنی جلوبەرگی ڕەنگ کاڵ و سووک کە جەستە بە باشی دادەپۆشێت.
-بەکارهێنانی کرێمی دژەخۆر.
- دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر لە کاتە گەرمەکاندا.
-ئاوی پێویست بخۆرێتەوە بۆ ئەوەی شێی جەستە کەم نەبێتەوە.
-نەچوونە دەرەوە لەو کاتانەی پلەکانی گەرما زۆر بەرزن.
- لەچاوکردنی چاویلکەی تاریک و کڵاو و هەڵگرتنی چەتر، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی تیشکی خۆر.
-بەفیڕۆ نەدانی ئاو و وزەی کارەبا چونکە بەفیڕۆدان دەبێتە هۆی زیان بۆ کەسانی دیکە.
- زیادکردنی دارستان و سەوزایی بەردەوام.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا سەلماندوویەتی کە ئەم ڕێنماییانە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ڕێگریی لە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی تیشکی خۆر.
هاوکات دوێنێ شەممە بڵاو کرایەوە، چوار شاری عێراق بەرزترین ژمارەی پێوانەیی پلەکانی گەرمایان لەسەر ئاستی جیهان تۆمار کردووە، ئەوانیش "عەمارە" پلەی یەکەمی ڕیزبەندییەکەی گرتووە بە پلەی گەرمی 50.8 پلەی سیلیزی، دوای ئەوە ناسریە بە پلەی دووەم دێت و لە پلەکانی سێیەم و چوارەم هەریەک لە بەسرا و کوت دێن.
