حزبی شیوعی عێراقی داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری دژی خراپیی کارەبا دەکات

مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی عێراقی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت: لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کێشەکانی هاووڵاتیانی عێراق بەهۆی نەبوونی کارەباوە زیاتر و زیاتر دەبن.
مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی عێراقی ئاماژەی بەوەش داوە، حکوومەتی ئێستەی عێراق هیچ هەنگاوێکی بۆ چارەکردنی کێشەی کارەبا نەناوە، بەپێچەوانەوە نادادپەروەرییەکی زۆر لە دابەشکردنی وزەی کارەبادا هەیە.
دەشڵێت، لەگەڵ تەرخانکردنی ملیاران دۆلار بەڵام هێشتا کێشەی کارەبا چارە نەکراوە، لەم ڕوانگەیەوە داوای خۆپیشاندانی ئاشتیانەی سەرتاسەری دەکەین، چونکە چارەکردنی كێشەی کارەبا ئەستەم نییە بەڵکو ویستی ڕژد پێویستە.
قەیرانی کارەبا یەکێکە لە خراپترین کێشەکان کە عێراقییەکان لە ساڵی 2003ـەوە بەدەستیەوە گرفتارن، سەرەڕای ئەوەی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بودجەیەكی زەبەللاحیان بۆ ئەو کەرتە خەرج کردووە، وڵاتەکە ڕۆژانە بۆ ماوەیەکی درێژ بێ کارەبایە، بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا.