گەنجانی گوندێکی عێراق، ناوێرن ژن بهێنن
نەخۆشییەکی دەگمەن، گەورە و بچووکی گوندێکی پارێزگای زیقاری گرتووەتەوە؛ ترس و ئەگەری لێکەوتەکانی نەخۆشییەکە وای کردووە گەنجانی گوندەکە ناوێرن ژن بهێنن! تا ئێستاش نازاندرێت هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە چییە.
ئال مەلال، گوندێکە دەکەوێتە باکووری ناسرییە لە سنووری پارێزگای زیقار. دانیشتووانی گوندەکە دەیان ساڵە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان، پشت بە کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ دەبەستن. لە دوای ساڵی 2003 نەخۆشییەکی دەگمەن و زگماک، لەنێو منداڵانی گوندەکەدا بڵاو بووەتەوە.
ئەم نەخۆشییە لەبەر ئەوەی زگماکییە، بووەتە هۆی ئەوەی گەنجانی گوندەکە لە ترسی لێکەوتەکانی، نەوێرن ژن بهێنن. سادق، یەکێک لە دانیشتووانی ئەو گوندە، باس لەوە دەکات گوندەکەیان پێشتر حاڵەتی هاوشێوەی لێ تۆمار نەکراوە، ئەمەش وای کردووە پرسیار لەسەر هۆیە ڕاستەقینەکانی ئەو حاڵەتە دروست ببن.
سادق مەلال، دەڵێت: "گوندەکەمان لە دۆخێکی کارەساتباردایە. ئەوەندەی بە بیرم دێت و باب و باپیرانم باسی دەکەن ئەم جۆرە نەخۆشییە لێرە نەبووە. من تەمەنم 52 ساڵە، پێشتر نەخۆشیی وام نەبینیوە، ئەم حاڵەتانە دەگەڕێنەوە بۆ دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی 2003. ئێستا تەنیا لە منداڵان نزیکەی 40 بۆ 45 منداڵ هەڵگری ئەم حاڵەتە دەگمەنەن، گەنجەکانمان دەترسن ژن بهێنن".
دەرکەوتنی حاڵەتەکانی نەخۆشییەکە لە گوندی ئال مەلال، دەگەرێتەوە بۆ ئەم چەند ساڵەی دوایی، زیاتر لە 40 حاڵەتی ئیفلیجبوونی مێشک، ئیفلیجبوونی چواریی و دواکەوتنی دەروونی تۆمار کراون. ئەم حاڵەتانە نیگەرانییەکی زۆری لای دانیشتووانی گوندەکە دروست کردووە بە تایبەت دوای ئەوەی نەتواندراوە هۆیەکانی نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێن.
بەشێک لە هاووڵاتییان هۆیەکانی نەخۆشیەکە بۆ لێکەوتەکانی جەنگ لە ناوچەکە و بۆردوومانکردنی کردنی گوندەکەیان لەلایەن ئەمەریکا لە کاتی پرۆسەی ڕزگاریی عێراق دەگەڕێننەوە.
بە گوێرەی ناوەندە نیمچە فەرمییەکانیش، هۆیەکانی نەخۆشییەکە بۆماوەیی و ژینگەیین کە بوونەتە هۆی دەرکەوتنی نەخۆشییەکە و چەند نەخۆشییەکی دیکە، بەڵام هاووڵاتییانی گوندەکە داوا دەکەن بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی تەواو لەپێناو دەستیشانکردنی هۆیەکانی نەخۆشییەکە دەست پێ بکرێن و چارەی پێویستی تووشبووان بکرێت.