جوان عەبدوڵڵا: وەزارەتی دادی عێراقی یاسای پێبژاردن لە بری سزا بۆ بەشێک لە زیندانیان جێبەجێ دەکات

جوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق
جوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق

وەزارەتی دادی عێراق پشتیوانیی جێبەجێکردنی یاسای پێبژاردنی دارایی بۆ سزای بەشێک لە زیندانییان دەکات، چونکە ڕێژەی قەرەباڵغی لە زیندانەکانی عێراق لە %300ـی تێپەڕاندووە، ئەوەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندان نەخۆشی.

یەکشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2024، جوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گۆڕینی یاسای سزای ئازادکردن بە پارە، پێشنیازێکە پێشکەش کراوە لەلایەن 15 پەرلەمانتاری عێراقەوە.

بە گوتەی ئەو جێگرە، "لە ساڵی 2019 تێبینیەک لەلایەن ئەنجوومەنی دادگای باڵا هەبووە، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ڕەوانەی لیژنەی یاسایی کراوە، بەڵام تاکو ئێستە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت، هەر بۆیە جارێکی دیکە ئەو پێشنیازە لەلایەن ئەو پەرلەمانتارانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وروژێندرایەوە و درا بە دەستەی خوێندنەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بۆ ئەوەی قبووڵی بکات".

جوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان وەکو لێکۆڵینەوەی یاسایی لەسەر بکرێت ڕەوانەی لیژنەی یاسایی کرد، تاکو دڵنیا بێتەوە لەسەر ئەوەی ئایا لە ڕووی یاساییەوە یاساکە گونجاوە یاخود نا؟ لیژنەی یاسایش وەڵامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی داوەتەوە و جێبەجێی کردووە، هەر بۆیە لە 2ـی نیسانی 2024، خرایە سەر خشتەی کاری ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەڵام خشتەیەکی زۆر هەبوو بۆیە تاکو ئیستە دیار نییە کەی دەخرێتە سەر خشتەی کار تاکو خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەو یاسایە بکات".

Fly Erbil Advertisment