هاتوچۆی هەولێر شۆفێران لە تۆمارکردنی سزای تیژڕۆیی ئاگادار دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر شۆفێران لە چۆنییەتی هەژمارکردنی سزای تیژڕۆیی لە لایەن کامێراکانی چاودێرییەوە ئاگادار دەکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 23-06-2024 بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، "دەنگۆیەک لەنێو شوفێران بڵاو بووەتەوە، کاتێک لە شەقامەکاندا ماتۆڕسکیلێک بە خێرایی بە تەنیشتیاندا تێپەڕ دەبێت و کامێرای چاودێری تیژڕۆیی وێنەی دەگرێت و فلاش لێ دەدات؛ ئەوا ئەو شوفێری ئۆتۆمبێلانەی نزیکن لە ماتۆڕسکیلەکە، وا دەزانن سەرپێچیەکە بۆ ئەوانیش هەژمار دەکرێت. لە ڕاستیدا لەم حاڵەتانەدا کامێراکە چوار گۆشەیەکی سەوز وەک ئاماژە دەخاتە سەر ماتۆڕەکە و ئەو ئۆتۆمبێلانەی دیکە هیچ سەرپێچیەکیان بۆ تۆمار ناکرێت ئەگەر لە خێرایی دیاری کراو ڕۆیشتبن".

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی شەممە، 22ـی حوزەیرانی 2024، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "خەڵکی شاری هەولێر ئێستە هۆشیاریی هاتوچۆیان باشتر بووە و پابەندن بە یاساکان و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ، هەروەها تیژڕۆیی و سەرپێچی ناکەن".
بە گوتەی عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر، دوای دانانی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی لەسەر شەقامەکانی هەولێر و دەوروبەری، ژمارەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و سەرپێچیی شۆفێران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕۆژانی جەژنی قوربان (16-06 تاوەکو 20-06-2024)، تەنها سێ ڕووداوی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە و ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە.