ژمارەی کوژراوانی غەززە 37 هەزاری تێپەڕاند

دیمەنی ئاوارەبوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی غەززە (وێنە: AP)
دیمەنی ئاوارەبوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی غەززە (وێنە: AP)

بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی کەمال عەدوان لە کەرتی غەززە ئاشکرای کرد بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە لە حەوت ڕۆژدا چوار منداڵ مردوون و زیاتر لە 250 منداڵیش نیشانەکانی بەدخۆراکیان لێ بەدیار کەوتووە و ژمارەی کوژراوانیش 37هەزاری تێ پەڕاند.

بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکە دەڵێت: برسییەتی و بەدخۆراکی بووەتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار لەسەر گیان و ژیانی منداڵانی کەرتی غەززە و لەگەڵ ئەوەی سەراپای کەرتەکە لە سێکتەری تەندروستی ڕووبەڕووی کارەساتێکی بێ پێشینە بووەتەوە، خراپی دۆخەکەش زیاتر بەسەر منداڵانەوە دەرکەوتووە.

هەروەها ئاماژەی داوە، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا تەنیا لە نەخۆشخانەی کەمال عەدوان پزیشکەکان زیاتر لە 250 حاڵەتی بەدخۆراکیان لەسەر منداڵان دەست نیشان کردووە و نزیکەی 60 کەسیش لە ئاوارەکانی بێت لەهیا، بەهۆی خۆراکی نەشیاو و بەسەرچوو ژەهراوی بوون و بۆ چارەکردن گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان، برسییەتی تەنگی بە گەورە و بچووکی دانیشتووانی کەمپی بێت لەهیا هەڵچنیوە کە ئاوارەکانی کەرتی غەززەی داڵدە داوە، جیا لە نەبووی خۆراک، ئاوی پاکیان بۆ خواردنەوەش نییە، هەربۆیە هەوڵ دراوە سەرەڕای وێرانبوونی ژێرخانی کەرتی ئاو بە ڕێژەی %70 بەڵام هەوڵ دەدرێت تۆرباینی وێستگەکانی ئاو بخەنەوە کار و بۆ هەر چۆنێک بێت خەڵک بتوانن دەستیان بە ئاوی پاک بگات.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی تەندروستی سەر بەحەماس ڕایگەیاندووە، ژمارەی قوربانیانی شەڕی خوێناوی نزیکەی نۆ مانگەی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل گەیشتووەتە 37 هەزار و 598 کەس و کۆی بریندارانیش گەیشتووتە 86 هەزار و 32 کەس

Fly Erbil Advertisment