ڕائید فه‌همی: گەندەڵی ئاستەنگە لەبەردەم چارەکردنی کێشەی کارەبا لە عێراق

ڕائید فه‌همی، سکرتێری حزبی شیوعیی عێراقی
ڕائید فه‌همی، سکرتێری حزبی شیوعیی عێراقی

K24 – هەولێر:

سکرتێری حزبی شیوعیی عێراقی لەبارەی خراپی دۆخی کارەبا لە عێراق ڕایگەیاند: چارەکردنی کێشەی کارەبا لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقە بەتایبەتی وەزارەتی کارەبا، لەگەڵ ئەوەشدا گەندەڵی بە ئاستەنگی سەرەکی دادەنێت لەبەردەم چارەکردنی کێشەی کارەبا لە عێراق.

ڕۆژی یەکشەممە (23ـی حوزەیرانی 2024) ڕائید فه‌همی، سکرتێری حزبی شیوعیی عێراقی لە میانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 20:00ـی کوردستان24 کە کۆمار نادر پێشکەشی کرد ڕایگەیاند: ڕێژەیەکی زۆر کارەبا بەفیڕۆ دەچێت و حکوومەت هیچی نەکردووە لەکاتێکدا، خواست لەسەر کارەبا زیاترە لە ئاستی بەرهەمهێنان.

ئەو سەرکردە عێراقییە ڕاشکاوانە باسی لە دەرهاویشتەکانی کێشەی کارەبا کرد کە بووەتە بارگرانی و زەحمەتی زۆر بۆ هاووڵاتییان و ڕوونیکردەوە: زیادکردنی وەبەرهێنان، وەزارەتی نەوت و موەلیدە و کەرتی تایبەت ڕۆڵیان هەیە و سەرەڕای کەمی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، نرخی ئەمپێری کارەباش گرانە لەسەر هاووڵاتییان.

هاوکات ڕائید فەهمی باسی لە هۆکاری گەندەڵی کرد لەسەر خراپی ڕەوشی کارەبا لە عێراق و ئاماژەی بەوەکرد: گەندەڵی لەنێو خودی وەزارەتی کارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، خواستی کارەبا لە عێراق ئێستا 36 هەزار مێگاواتە لە کاتێکدا، ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگاتە 25 هەزار مێگاوات.

گوتیشی: لەو 25 هەزار مێگاواتەی کارەبا کە بەرهەم دەهێنرێت، تەنیا نزیکەی 14 هەزار مێگاوات کارەبا دەگاتە هاووڵاتییان و ئەوەی دیکەش بەفیڕۆ دەچێت، ئەمەش وادەکات چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لەلایەن حکوومەتەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەکاتەوە.

ڕائید فه‌همی ئاماژەی بەوەشکرد: بەشێکی کێشەکان پەیوەندی بە خراپی پلاندانانەوە هەیە، کاتێک بەرهەمهێنانی گاز لە ئاستێکی بەرز نییە و هاوردەکردنی گاز پارەیەکی زۆری دەوێت، کەچی زۆربەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە گاز دەبەستن.

لەبارەی بەرپرسیاریەتی لەسەر دۆخی کارەبای عێراق، سکرتێری حزبی شیوعیی عێراق ڕایگەیاند: هەموو سیستەمی ئەم وڵاتە بەرپرسە و پەیوەندی بە کەسێکی تایبەتەوە نییە، بۆیە پێویستی بە چاکسازییەکی گشتگیر هەیە و دەبێت کەسانی شیاو و شارەزا لە شوێنی بەرپرسیاریەتی دابنرێت و پلانی گونجاو دابنرێت.

هەروەها لەبارەی بانگەوازەکەی حزبی شیوعیی عێراقی بۆ خۆپیشاندان ڕایگەیاند: دروستکردنی فشار یەکێکە لە ڕێگەکان بۆ ئەوەی گفتوگۆی ڕاستەقینە بکرێت و جەماوەر قسەی خۆی بکات تاوەکوو لایەنە پەیوەندەیدارەکان ناچاربن بە کارکردن بۆ باشترکردنی ڕەوشی کارەبا، لە کاتێکدا ئێستا عێراق بە ڕەوشێکی گەرمای ناسرووشتیدا تێپەڕدەبێت.

ماوەی چەند ڕۆژێکە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پلەکانی پێشەوەیان لە تۆمارکردنی گەرمترین شارەکانی جیهان گرتووە، لەهەندێک پارێزگای وەک زیقار پلەی گەرمای 51 پلەی سیلیزی تێپەڕاند، بەو حاڵەوە دۆخی کارەبای هاووڵاتییان لەوپەڕی خراپیدایە و هەندێک جار بە چەند ڕۆژ کارەبایان دەبڕێت، ئەوە سەرباری نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دیکە.

لای خۆیەوە مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعیی عێراقی ڕاگەیەندراوێکی لەسەر خراپی دۆخی کارەبا بڵاوکردووە و تێیدا داوای خۆپیشاندانی فراوان دژی کەمی کارەبا دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعیی عێراقدا هاتووە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کێشەی سەرەکی هاووڵاتیانی عێراق نەبوونی کارەبایە، حکوومەتیش هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نەناوە، بەڵێنەکانیان ناچنە واری جێبەجێکردنەوە.

حزبی شیوعیی عێراقی ئاماژە بەوەدەدات، ملیاران دۆلار بۆ کەرتی کارەبا تەرخانکراوە، بەڵام وێستگەی نوێ بنیات نەنراون، بەرپرسانی تەنها بە ژمارە ئاماژە بەزیادبوونی کاتژمێرەکانی کارەبا دەکەن، بەپێچەوانەوە کاتژمێرەکانی بڕینی کارەبا زیادیکردووە.

جیاوازی لەپێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لەناوچە جیاوازەکان دەکرێت، بەشێک لە بەرپرسان لەگەڵ خاوەن موەلیدەکان دەستیان تێکەڵکردووە و بەم شێوەیە قازانجی گەورە دەکەن.

حزبی شیوعیی عێراقی دەشڵیت، ویستی رژد و نەتەوەیی نییە، بەپێچەوانەوە چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا ئەستەم نییە. لەم ڕوانگەیەوە داوا لە خەڵکی عێراق دەکەین بەشێوەیەکی ئاشتیانە خۆپیشاندان دژی خراپی سیستمی کارەبا ئەنجامبدەن، هەروەها داوای لێکۆڵینەوە لە بەرپرسە گەندەڵەکان و بەهەدەردانی پارەیەکی زۆر لە کەرتی کارەبا بکەن، چونکە کێشەکانی ئەم کەرتە لەجێگەی ئەوەی کەم بکەن، زیادیان کردووە.

Fly Erbil Advertisment