ڕێزان حەمەساڵح: سۆراغی چارەنووسی هەموو قوربانییانی بەلەمە نقومبووەکەی ئیتاڵیا بەردەوامە

ڕێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا
ڕێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا

K24 – هەولێر:

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، دەڵێت: هەر لە یەکەم ساتی ڕووداوەکەوە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەسەر هێڵ بووە، ئێمە و تیمێکی حکوومەتی ڕاسپاردووە بۆ بە بەدواداچوونی ڕووداوی نقومبوونی بەلەمەکە، هاوکات ناوبراو ئامادەیە لەسەر بودجە و خەرجی حکوومەت تەرمی قوربانییان بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

ڕێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا گوتی: لە دوای ڕووداوی نوقومبوونی بەلەمەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی تیمێکی حکوومەتی ڕاسپارد بۆ ئەوەی سەردانی ئیتاڵیا بکەن و، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکە و لەگەڵ لایەنی فەرمی حکوومەتی ئیتاڵیا کۆبووینەوە و بەدواداچوومان کرد بۆ ئەوەی ئەو تەرمانەی کە نەدۆزراونەتەوە، هەرچی زووە بدۆزرێنەوە و ڕادەستی کەسوکارەکانیان بکرێنەوە.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا باسی لەوە کرد، لە نەخۆشخانە سەردانی بریندارانی ڕووداوەکەمان کرد و لە سەلامەتی دۆخی تەندروستییان دڵنیابووینەوە و هاوکات ئامادەی هەموو پاڵپشتییەک و هاوکارییەکین بۆیان.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، تا ئێستە 11 کەس لە ڕووداوی نقومبوونی بەلەمەکە ڕزگاریان بووە و تەرمی 35 کەسیش دۆزراوەتەوە، هێشتاش گەڕان بەدوای تەرمەکانی دیکە بەردەوامە و حکوومەتی ئیتاڵیا بەڵێنی پێداوین لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ دۆزینەوەیان.

لەبارەی ناردنەوەی تەرمی کۆچبەرەکان بۆ هەرێمی کوردستان، ڕێزان حەمەساڵح، گوتی: هەر لە یەکەم ساتەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بەڵێنی ئەوەی داوە تەرمەکان لەسەر بودجە و خەرجی حکوومەت بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها تەرمەکانی هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەین بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی ئێران بگەڕێنینەوە بۆ کوردستان.

ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن بێسەر و شوێنن.

ڕۆژی (18ـی حوزەیرانی 2024) فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێم و هاوکات لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لەپەیوەندی دایە، وێرای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپراسیۆن بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە بکات و بەدواداچوون بکات تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانیان ئەنجام بدات.

ڕۆژی پێنجشەممە (20ـی حوزەیرانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دۆسیەی ئەو کۆچبەرانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، یەختەکەیان نوقمبوو، بۆتە کەیسێکی یاسایی و حکوومەتی ئیتاڵیا مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئێستا تیمێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتەن.