شاخەوان خالید: پشکنینی DNA بۆ كەسوكاری قوربانییانی بەلەمەکەی ئیتاڵیا دەکەین

K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەری بەشی بایلۆجی لە بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەکانی تاوانی هەرێم، ئاماژە بەوە دەکات، تاقیگەی پشکنینی DNA لە هەرێمی کوردستان متمانەپێکراوە. هاوکات دەڵێت: پشکنینی DNA بۆ كەس و كاری قوربانییانی بەلەمەکەی ئیتاڵیا دەکەین.
شاخەوان خالید، بەڕێوەبەری بەشی بایلۆجی لە بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەکانی تاوانی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، ڕایگەیاند: بۆ ماوەی 15 ساڵە تاقیگەی پشکنینی DNA لە هەرێمی کوردستان هەیە.
بەڕێوەبەری بەشی بایلۆجی لە بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەکانی تاوانی هەرێم، دەڵێت: تاقیگەکەمان لە هەرێمی کوردستان ستانداردی نێودەوڵەتیی هەیە و ڕۆژانە دادگەکان پشتی پێدەبەستن.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، ئەو کەسانەشی کە لە تاقیگە کاردەکەن و کەسانی پسپۆر و شارەزان و چەندین خولی نێودەوڵەتییان لە دەرەوەی وڵات بینیوە، هەروەها چەندین نووسینگەمان لە شار و شارۆچکەکەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.
هاوکات لەبارەی پشکنینی DNAـەوە، ئەو بەڕێوەبەرە گوتی: هەموو خانەیەکی بایلۆجی لە لەشی ئێمە DNAـی تێدایە، پشکنینەکە زۆر جار لە ڕێگەی لیکی دەمەوە بۆ کەسەکان ئەنجام دەدرێت، هەروەها تا ئێستە هیچ پشکنینێکی ئێمە ڕەخنەی لێنەگیراوە و سەرجەمیان ئەنجامەکانیان ڕاست بوونە.
لەبارەی قوربانییانی بەلەمەکەی ئیتاڵیا، ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: پشکنینی DNA بۆ كەس وكاری قوربانییانی بەلەمەکەی کەنارەوەکانی ئیتاڵیا دەکەین، هەروەها سەردانی کەسوکارەکانیانمان کردووە و سامپڵمان لێیان وەرگرتووە و ڕۆژی سێشەممە ئەنجامی پشکنینەکان بۆ فەرمانگەی پەیوەندیییەکانی دەرەوەی حکوومەت دەنێرێن.
شاخەوان خالید، باسی لە پشکنینی سەلماندنی باوکایەتی کرد و ئاماژەی بەوە دا، زۆرینەی ئەو پشکنینانەی کە دەکەین لە هەرێمی کوردستان، پشکنینی سەلماندنی باوکایەتییە.
جەختی لەوەش کردەوە، ناتوانرێت DNA بە هیچ شێوەیەک ساختە بکرێت، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێچووی پشکنینەکان دابین دەکات.