تا ئێستا زیاتر لە 210  هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی کوردستان وەرگیراوە

گەنم
گەنم

وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، تا ئێستا 210 هەزار تۆن و 133 کیلۆ و 62 گرام گەنم لە جووتیارانی کوردستان وەرگیراوە و لە سایلۆکان ئەمبار کراون.

وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووشەممە (24ـی حوزەیرانی 2024) بڵاوی کردەوە، تا 23ـی حوزەیران 80 هەزار تۆن و 993 کیلۆ و 650 گرام گەنم لە جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی وەرگیراوە، هاوکات 66  هەزار تۆن و 546 کیلۆ و 940 گرام گەنم لە جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک وەرگیراوە، لەگەڵ ئەوەش 62 هەزار تۆن و 592 کیلۆ و 472 گرام گەنم لە جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر وەگیراوە.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی، کۆی گشتیی ئەو بڕە گەنمەی تا ئێستا لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە و ئەمبار کراوە، گەیشتووەتە 210 هەزار تۆن و 133 کیلۆ و 62 گرامە.

شەممە (22ـی حوزەیرانی 2024)، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، بە ڕاسپاردەکانی هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، لەگەڵ ئەسیر غەریری وەزیری بازرگانیی، هەموو ئەو بڕە گەنمە لە جووتیاران وەردەگیرێت کە دیاریکراوە، بۆ ئاسانکاریی زیاتریش بۆ جووتیاران، لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای ڕادەستکردنی گەنمەکانیان، مافی جووتیاران دەدرێت.

بەپێی زانیارییەکان، هەر جووتیارێک کە گەنمەکەی ڕادەستی سایلۆ دەکات، نموونەی گەنمەکەی دەنێردرێتە تاقیگە، پاش دەرچوونی لە تاقیگە، پسوولەیەک دەدرێ بە جووتیارەکە بیباتە یەکەی ژمێریاریی بۆ ئەوەی پارەکەی بۆ خەرج بکرێت، هەروەها ڕۆژانە  بەپێی ئەو بڕە پارەیەی کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە تەرخانکراوە، بڕە پارەی گەنمی جووتیاران ڕاستەوخۆ دەنێردرێت بۆ هەر شوێنێکی پارێزگاکە.

ئەو بەڕێوەبەڕی گشتییە ئاماژەی بەوەشکردووە، "وەزارەتی بازرگانیی چەندین ئاسانکاریی کردووە، لەوانە کەمکردنەوەی ڕێژەی کێشی دیاریکراو، کە یەکێکە لە مەرجەکانی وەرگرتنی گەنم لە تاقیگەکاندا، لە 74 بۆ 72  بە ڕەچاوکردنی دۆخی جووتیاران، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەندێک کێڵگە بەهۆی بارانەوە زیانیان بەرکەوتووە."

Fly Erbil Advertisment