سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق دەکات
K24 – هەولێر:
سەرۆک بارزانی لەمیانی پێشوازی کردنی لە باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق ڕایگەیاند: گەلی کوردستان دۆستەکانی خۆی لەبیرناکات و سوپاسی گەل و حکوومەتی هۆڵەندای کرد کە لە کاتیی تەنگانەدا دەرگایان بە ڕووی ئاوارەکانی کوردستاندا کردەوە.
ڕۆژی دووشەممە (24ـی حوزەیرانی 2024) لە سەڵاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە هانس ساندی، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق کرد.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە: لەم دیدارەدا کە باڵیۆزی هۆڵەندا کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو پەیوەندییانە دەربڕی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا دا هەیە و سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە هەمیشە هاوکاربوونە بۆ بەردەوامی و پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەتی لە بواری ئابووری، کشتوکاڵ و وەبەرهێناندا. هەروەها بەردەوامی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی لە ڕێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دووپاتکردەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، سەرۆک بارزانی سوپاسی هەوڵەکانی باڵیۆزی هۆڵەندای کرد لە ڕابردوودا و هیوای سەرکەوتنی لە کاری نوێیدا بۆ خواست، هەروەها سەرۆک بارزانی پەیوەندیی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و هۆڵەندای لە هەموو بوارەکاندا بەرز نرخاند.
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە گەلی کوردستان دۆستەکانی خۆی لەبیرناکات و سوپاسی گەل و حکوومەتی هۆڵەندای کرد کە لە کاتیی تەنگانەدا دەرگایان بە ڕووی ئاوارەکانی کوردستاندا کردەوە، هەروەها تیشکی خستە سەر ڕۆلی هۆڵەندا لە پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە لە کاتی شەڕی تیرۆریستانی داعش و چاکسازییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە کە ڕۆلی بەرچاویان بینیووە.
بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە بە گشتی و پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.