چیرۆکی هاوین و کارەبا؛ دووانەی لێکدانەبڕاون و دۆزەخیان بۆ عێراقییەکان هێناوەتە دونیا

K24 – هەولێر:
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هاتنی وەرزی هاوین و بەردەوامی کێشەی نەبوونی کارەبا، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو جارێکی دیکە هاووڵاتییانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هاواریان لێ هەستاوە و ناڕەزایەتی جەماوەریش لە چەندین ناوچەی جیاواز دەستی پێکردووە.
پلەکانی گەرما لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق گەیشتووەتە سەروو 50 پلەی سیلیزی، و کەشناسیی دەڵێت: له هەشت پارێزگا پلەکانی گەرما گەیشتووەتە پلەی کوڵان، بەڵام عێراقییەکان خۆیان دەڵێن، گەرمای ئەمساڵ گەیشتووەتە برژاندن و سووتاندن و لە کوڵان و گەرمای ئاسایی تێپەڕیوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەشێک لە شارە عێراقییەکان لە ڕیزبەندە یەکەمەکانی جیهان بوون لە گەرمترین ناوچەکانی جیهان. گۆڤاری پالاسیرڤیلی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە: ڕۆژی (24ـی حوزەیرانی 2024) شاری بەسرە گەرمترین پلەی گەرمی لەسەر ئاستی جیهان تۆمار کردووە لە ماوەی 24 کاتژمێردا، کە پلەی گەرمی گەیشتووەتە 51.1 پلەی سیلیزی، دوای ئەویش شاری ناسرییەی ناوەندی پارێزگای زیقار دێت بە 50.7 پلەی سیلیزی و شاری عیمارەی ناوەندی پارێزگای میسانیش بە 50.3 پلەی سیلیزی، شەشەم گەرمترین ناوچەی جیهان بووە.
لەگەڵ هەموو نەهامەتییەکانی ڕووی لە عێراقییەکان کردووە، لە ڕووی دۆخی ئابووریی و سیاسیی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، بەڵام کێشەی گەورە و سەرەکی عێراق کە چەندین ساڵە هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەدیوە؛ دۆخی کارەبایە. لە کاتێکدا چاودێرا باس لەوە دەکەن، پەنابەردنی حکوومەت بۆ هەندێک پرۆژە لە ماوەی ڕابردوو، تەنیا بۆ پەردەپۆشکردنی کەموکوڕییەکان و دەستەوەستانیەتی لە چارەکردنی کێشەی کارەبا.
بەشێک لە هاووڵاتییان بە توانجەوە دەڵێن: دۆخی سیاسیی سەقامگیر بوو، نرخی دینار و دۆلار جێگیر بوو، داعش ڕووخا و نرخی نەوتیش هەرزان نییە و بەرهەمهێنانی گازیش کەم نییە، بەڵام تۆڕەکانی کارەبا ماوەی 21 ساڵە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەوە، تەزووی کارەبای تێدا سەقامگیر و جێگیر نەبووە.
هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، هاووڵاتییانی ناوەڕاست و باشووری عێراق خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەن و بە کۆمەڵێک بەڵێنیش لەلایەن بەرپرسانی کارەباوە کۆتایی بە هاوین دەهێنن، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن: هەموو بەڵێنەکان بەتاڵن و گەرما بەتینتر دەبێت و کارەباش کەمتر دەبێتەوە.
لە پارێزگای زیقار، ناڕەزایەتی هاووڵاتییان پەرەی سەندووە بۆ مانگرتن لە بەردەم وێستگەی کارەبای ناسرییە و ماوەی دوو ڕۆژە چادریان هەڵداوە و هۆشداری ئەوەشیان داوە، ئەگەر بە پەلە بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەچن و کارەبایان بۆ دابین نەکرێت، دەست بە جووڵەی زیاتر دەکەن لە دژی بەرپرسانی شارەکە و حکوومەت.
لە پارێزگای بابلیش، هاووڵاتییان بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتییەکانیان بەهۆی نەبوونی کارەبا، لە قەزای شوملی ڕێگەی نێودەوڵەتی نێوان بەغدا و بەسرەیان گرت و لە تەواوی ناوچەکانی دیکەی ئەو پارێزگایەش، دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بووەتەوە لە دژی حکوومەت.
لە پارێزگای واست، هاووڵاتییان داوای گەڕانەوەی مافی پارێزگاکەیان دەکەن لە پێدانی کارەبا و لە ناڕەزایەتییەکانیان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو کارەبایەی لە وێستگەکانی پارێزگاکە بەرهەم دێت، دانیشتووانی ناوچەکەی خۆیان سووی لێوەرناگرن. هاوشێوەی ئەو ناڕەزایەتییەی هاووڵاتییانی واست، لە کەربەلا و دیالەش هاووڵاتییان هەڕەشەی ئەوەیان کرد، هێرش دەکەنە سەر وێستگەکانی کارەبا و دەیکوژێننەوە ئەگەر هاتوو، کارەبای بەرهەمهاتوو نەدرێت بەوان و دابەشی ناوچەکانی دیکەی عێراق بکرێت.
لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی ئاستی ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییان، حکوومەتی عێراق ترسی لێ نیشتووە و بۆ دامرکاندنەوەی تووڕەیی هاووڵاتییان، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 10 بەرپرسی لە وەزارەتی کارەبا لە کارەکانی خۆیان دوورخستووەتەوە، کە بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی ئاماژە بەوە دەکەن، گەرمای ئەمساڵ هەوێنی ناڕەزایەتییەکی جەماوەری گەورەترە لەوەی ساڵی 2019 لە دژی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی دروست بوو.
هەر لە درێژەی ڕێکارەکانی حکوومەتی عێراق، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە، کاتەکانی دەوامی فەرمی لە دامودەزگاکانی حکوومەت تاوەکوو 29ـی ئابی 2024، بۆ ماوەی شەش کاتژمێری ڕۆژانە کەم کردەوە کە پێشتر هەشت کاتژمێر بوو، هاوکات ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کاتەکانی دەوامی لە دادگاکان و دامودەزگاکانی دیکەی خۆی بۆ پێنج کاتژمێر و نیوی ڕۆژانە کەم کردەوە.
لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق، ئێستا ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان دەدرێت، گرانی نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە ئەهلییەکانیش، گوزەرانی هاووڵاتییانی زیاتر زەحمەت کردووە، هەرچەندە بەشی ئەوە ناکات ماڵە عێراقییەکان لە گەرمای بەتینی ئەم هاوینە، فێنک بکاتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئێستا ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق دەگاتە 25 هەزار مێگاوات کارەبا، بەڵام بەهۆی خراپی و کۆنی تۆڕەکانی کارەبا لە بەشێک لە ناوچەکان، وایکردووە رێژەیەکی زۆر لە کارەبای بەرهەمهاتوو، بەفیڕۆ بچێت.
بەشێک لە پەرلەمانتاران لە چاوەڕوانی کۆتایی پشووی پەرلەمانن بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان و بانگهێشت کردنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق بۆ پەرلەمان لەبارەی کێشەی کارەبا و ناڕەزایەتی هاووڵاتییان.
لەبارەی خراپی دۆخی کارەبا، مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعیی عێراقی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووە و تێیدا داوای خۆپیشاندانی فراوان دژی کەمی کارەبا دەکات و ئاماژەی بەوەکردووە: حکوومەت هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نەناوە، بەڵێنەکانیان ناچنە واری جێبەجێکردنەوە و جیاوازی لەپێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لە ناوچە جیاوازەکان دەکرێت، بەشێک لە بەرپرسان لەگەڵ خاوەن موەلیدەکان دەستیان تێکەڵ کردووە و بەم شێوەیە قازانجی گەورە دەکەن.
ڕۆژی یەکشەممە (23ـی حوزەیرانی 2024) ڕائید فههمی، سکرتێری حزبی شیوعیی عێراقی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: گەندەڵی لەنێو خودی وەزارەتی کارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، خواستی کارەبا لە عێراق ئێستا 36 هەزار مێگاواتە لە کاتێکدا، ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگاتە 25 هەزار مێگاوات.
گوتیشی: لەو 25 هەزار مێگاواتەی کارەبا کە بەرهەم دەهێنرێت، تەنیا نزیکەی 14 هەزار مێگاوات کارەبا دەگاتە هاووڵاتییان و ئەوەی دیکەش بەفیڕۆ دەچێت، ئەمەش وا دەکات چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لەلایەن حکوومەتەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەکاتەوە.
ڕائید فههمی ئاماژەی بەوەشکرد: بەشێکی کێشەکان پەیوەندی بە خراپی پلاندانانەوە هەیە، کاتێک بەرهەمهێنانی گاز لە ئاستێکی بەرز نییە و هاوردەکردنی گاز پارەیەکی زۆری دەوێت، کەچی زۆربەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە گاز دەبەستن.
لەبارەی بەرپرسیاریەتی لەسەر دۆخی کارەبای عێراق، سکرتێری حزبی شیوعیی عێراق ڕایگەیاند: هەموو سیستەمی ئەم وڵاتە بەرپرسە و پەیوەندیی بە کەسێکی تایبەتەوە نییە، بۆیە پێویستی بە چاکسازییەکی گشتگیر هەیە و دەبێت کەسانی شیاو و شارەزا لە شوێنی بەرپرسیاریەتی دابنرێت و پلانی گونجاو دابنرێت. زیاتر گوتی: زیادکردنی وەبەرهێنان، وەزارەتی نەوت و موەلیدەکان و کەرتی تایبەت ڕۆڵیان هەیە لە کێشەی کارەبا و سەرەڕای کەمی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، نرخی ئەمپێری کارەباش گرانە لەسەر هاووڵاتییان.