ژووری ئۆپەراسیۆنی بەڕێوبردنی قەیران و کارەساتەکان ڕێکاریی بەپەلە لەبارەی شەپۆلەکانی گەرما  دەگرێتە بەر

ژووری ئۆپەراسیۆنی بەڕێوبردنی قەیران و کارەساتەکان
ژووری ئۆپەراسیۆنی بەڕێوبردنی قەیران و کارەساتەکان

ژووری ئۆپەراسیۆنی بەڕێوبردنی قەیران و کارەساتەکان لەبارەی شەپۆڵەکانی گەرما و چۆنیەتی پاراستنی سەلامەتی گشتیی هاووڵاتیان و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم شەپۆڵانە، چەندین پلان و ڕاسپاردەی خستە ڕوو، داواش دەکات ئەو پلانانە بەپەلە جێبەجێ بکرێن.

ناوەندی هەماهەنگیی و قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، دووشەممە (24ـی حوزەیرانی 2024)، ژووری ئۆپەراسیۆنی بەڕێوبردنی قەیران و کارەساتەکان لەبارەی شەپۆڵەکانی گەرما و چۆنیەتی پاراستنی سەلامەتی گشتیی هاووڵاتیان و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم شەپۆڵانە کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سروە ڕەسوڵ، بەڕێوبەری گشتی ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان ئامانجی کۆبوونەوەکەی بۆ تەواوی ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن ئاشکرا کرد کە بۆ دانانی پلان و ڕاسپاردەی بەپەلە و گونجاون بەرامبەر شەپۆلەکانی گەرما، دواتر فازڵ ئیبراهیم بەڕێوبەری گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا باسی شەپۆڵەکانی گەرمای کردووە و بەرواردی شەپۆلی گەرمای ئەمساڵ و ساڵانی ڕابردووی کردووە، لە هاوکات ئاڕاستە و پێشبینییەکانی خستووەتە ڕوو.

بەپێی ڕاگەیاندراوی ناوەندی هەماهەنگیی و قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی وەزارەتی تەندروستی چەندین زانیاریان لە بارەی کاریگەری ئەم شەپۆڵانەی گەرما لەسەر تەندروستیی هاووڵاتیان خستەڕوو لەگەڵ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخەکە.

ڕاگەیاندراوەکەی ناوەندی هەماهەنگیی و قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا ڕا و سەرنج لە بارەی ڕێکارە پێویستەکان خراوەتە ڕوو کە پێویستە بگیرێنە بەر و بڕیاریان لەسەر بدرێت بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە هەرچی زووە دەستبکرێت بە هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی فراوان، لە بارەی ئەوەی هاووڵاتیان چۆن خۆیان لە شەپۆلەکانی گەرما بپارێزن ، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین پلان و ڕاسپاردەی دیکە بڕیاریان لەبارەیەوە درا  بۆ ئەوەی بە زووترین کات جێبەجێبکرێن.

Fly Erbil Advertisment