خوشکێکی هەنییە و نۆ ئەندامی خێزانەکەی لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژران

وێنەی هەنییە لەگەڵ خوشکە کوژراوەکەی
وێنەی هەنییە لەگەڵ خوشکە کوژراوەکەی

لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر خانوویەک، لە غەززە، خوشکێکی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و نۆ ئەندامی خێزانەکەی کوژران.

میدیاکانی فەڵەستین بڵاویان کردووەتەوە، شەوی ڕابردوو، 24-06-2024، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خانوویەک لە کەمپی کەنار دەریا (الشاطئ)، لە ڕۆژئاوای غەززە، 10 ئەندامی خێزانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس کوژران کە یەکێکیان خوشکێتی.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، زۆرینەی ئەوانەی کوژراون، ئافرەتن. ئاماژە بەوەش کراوە، ژمارەیەکی دیکەی ئەندامانی خێزانەکەی هەنییە کە کاتی بۆردوومانەکە لە خانووەکەدا بوون، لەژێر داروپەردووی خانووە وێرانبووەکەدا گیریان خواردووە و هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنیان بەردەوامن. چاوەڕێش دەکرێت ژمارەی کوژراوان زیاتر بەرز ببێتەوە.  

ناوی بەشێک لە ئەندامانی خێزانەکەی هەنییە کە لە بۆردوومانەکەدا کوژروان:

1. زەهرا سەلام هەنییە (دایکی ناهز)

2. ناهز غازی هەنییە

3. ئیمان ئەحمەد هەنییە

4. محەممەد ناهز هەنییە

5. ئیسماعیل ناهز هەنییە

6. موئمن ناهز هەنییە

7. زەهر ناهز هەنییە

8. شەهد ناهز هەنییە

9. ئامال ناهر هەنییە

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە، 10ـی نیسانی ڕابردوو، سێ کوڕی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و ژمارەیەک لە نەوەکانی، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئۆتۆمێلەکەیان کوژران. ئیسرائیل ئەو کاتی ڕاگەیاند، ئۆتۆمبێلەکەی کوڕەکانی هەنییەیان کردبووە ئامانج، "چونکە لە ڕێگەدا بوون بۆ  جێبەجێکردنی هێرشێک".

شەڕی حەماس و ئیسرائیل کە لە 07ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو دەستی پێ کردووە، زیاتر لە هەشت مانگە بەردەوامە. بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لە غەززە، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە 37 هەزار هاووڵاتیی سڤیل کوژروان و زیاتر لە 88 هەزار هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون. بە گوێرەی وەزارەتەکە، زۆرینەی قوربانیان، پیر، منداڵ و ئافرەتن.

Fly Erbil Advertisment