بەغدا.. ڕۆژانە زیاتر لە 14 کاتژمێر بێکارەبایە!

هەرچەندە پلەکانی گەرما لە بەغدا سەرووی 50 پلەی سیلیزیە و دۆخی کارەباش تا دێت خراپتر دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزێکی ئەمنی فیرقەی تایبەت هێزی پارێزگاریی زانکۆی بەغدا، ڕێگریان لەو تەنکەرانە کردووە کە سووتەمەنی دەگوازنەوە بۆ وێستگەی کارەبای جادرییە و بەوهۆیەشەوە بۆ ماوەیەک وێستگەکە لەکارکەوتووە و تەزووی  کارەباش لەبەشێکی زۆری گەکەکانی پچراوە.

هێزێکی فیرقەی تایبەت و هێزێکی پاراستنی زانکۆی بەغدا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ڕێگریان کردووە لە گەیشتنی تەنکەرەکانی سووتەمەنی وەزارەتی نەوت بۆ وێستگەی کارەبای جادریە کردووە، بەو هۆیەشەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەرهەمهێنانی کارەبا لەو وێستگەیە ڕاگیراوە و بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی بەغداش لەم گەرما تاقەت پڕوکێنەرەدا بێکارەبا مانەوە.

ئەبو سەجاد، لە گەڕەکی جادریە دووکاندارە و بە کوردستان24ـی گوت: ماوەی چەند ڕۆژێکە داد و بێدادمانە بەدەست نەبوونی کارەبای نیشتمانی، هەر کێشەیەک لە وێستگەکانی کارەبا ڕووبدات، ئێمەی هاووڵاتی باجەکەی دەدەین.

ئاماژەی بەوەش کرد، "کارەبای گەڕەکەکەمان زۆرخراپە، کارەبامان دوو کاتژمێر بە دوو کاتژمێرە، زۆرجار لەماوەی 24 کاتژمێردا، زیاتر لە 14 کاتژمێر کارەبا دەبڕێت و تەنها 10 کاتژمێر کارەبامان دەدەنێ".

کەڕار محەممەد، کە هاووڵاتییەکی بەغدایە و دەڵێت: "خراپیی دۆخی کارەبا کاریگەری زۆری لەسەر ژیانی خەڵک دروست کردووە. بەڕاستی خەڵک بێزاربووە، کەشوهەوا زۆر گەرمە ئەگەر کارەبا نەبێت هاووڵاتی چی بکات، لەم دۆخەدا خەڵک نازانێت چی بکات."

تیمی کوردستان24 بەمەبەستی بەدواداچوون دەچێتە وێستگەی کارەبای جادریە و تاوەکو بەدواداچوون بۆ ئەم گرفتە بکات، بەڵام بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت ڕێگەیان بە تیمی کوردستان24 نەدا بچنە ژوورەوە، هێزە ئەمنییەکان بەتیمی کوردستان24یان گوت: "دەبێت مۆڵەتی وەزارەتی کارەباتان هەبێت بۆ ئەوەی بچنە ژوورەوە، بۆیە ڕێگەتان پێنادەین بچنە ناو وێستگەکە، دەبێت یەکێک لەوەزارەتی کارەبا مۆڵەتان بۆ وەرگرێ".

بەگوێرەی زانیارییەکان دوای بچڕانی تەزووی کارەبا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە وێستگەکە، دواتر فەرمانی چوونە ژوورەوەی تەنکەرەکانی سووتەمەنی بۆ وێستگەکە دراوە.

وێستگەی کارەبای جادریە و دۆرە، دوو گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبان لە بەغدا، کە یەکەمیان بەشێکی زۆری کارەبای گەڕەکەکانی دەوروبەری جادریە و ناوچەی سەوز دابین دەکات.