هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، گەمەیەکی ئاڵۆز

پاش نزیکەی چوار مانگ و نیوی تر، یەکێک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی جیهان بەڕێوەدەچێت کە ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکایە.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و جیاواز بەڕێوەدەچێت و مەرجەکانی کاندیدا بوونیش سادەن، هەر کەسێک لەدایکبووی ئەمەریکا بێت و تەمەنی لە 35 ساڵ کەمتر نەبێت دەتوانێت خۆی کاندیدا بکات.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، یەکێکە لە کاریگەرترین و گرنگترین هەڵبژاردنەکانی جیهان کە سیاسەتی زلهێزترین وڵات بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەستنیشان دەکات، پڕۆسەی هەڵبژاردنەکەش یەکێکە لە ئاڵۆزترین و وردترین پرۆسە دیموکراسییەکان.
بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا خۆی کاندیدا بکات، پێویستە لەدایکبووی وڵاتە بێت، نابێت تەمەنی لە 35 ساڵ کەمتر بێت و بەلایەنی کەم 14 ساڵ لە ئەمەریکا ژیا بێت، ساڵێک پێش هەڵبژاردن هەڵمەتی بانگەشە دەست پێ دەکات.
لە مانگی شوباتی ئەو ساڵەی هەڵبژاردن تێیدا بەڕێوە دەچێت، هەڵبژاردنی سەرەتایی دەست پێ دەکات تێیدا کاندیدادەکان لەلایەن ئەندامانی پارتە بەشداربووەکان دەستنیشان دەکرێن.
لە وەرزی هاویندا کۆنگرەی نیشتمانی بەڕێوە دەچێت و تێیدا کاندیدە سەرەکییەکان هەڵدەبژێردرێن، هەریەک لە کاندیدەکان جێگری خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمەریکا دەستنیشان دەکەن.
لە پێنجی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی گشتی دەست پێ دەکات و خەڵک دەنگ بە کاندیدادەکان دەدەن.
دوای کۆتایی هاتنی دەنگدانی گشتی، براوەی هەڵبژاردن لەڕێگەی دەستەیەک بەناوی کۆلێجی هەڵبژێردراوان دەستنیشان دەکرێت، کۆلێژی هەڵبژێردراوان لە 538 نوێنەر پێک دێت کە پشت دەبەستێت بە ژمارەی کورسییەکانی کۆنگرێس، بریتییە لە کۆی 435 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران و 100 کورسیی ئەنجوومەنی پیران لە هەر یەک لە 48 ویلایەتی ئەمەریکا و هەروەها واشنتنی پایتەخت سێ نوێنەری هەیە، هەر کاندیدێک زۆرینەی دەنگ لەو ویلایەتانە بەدەست بهێنێت، بەگوێرەی ژمارەی کورسییەکان دەنگی بۆ هەژمار دەکرێت. بۆ نموونەی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی هەیە، خاوەنی 54 کورسی کۆنگرێسە هەر کاندیدایەک زۆرینەی دەنگی کالیفۆرنیای بەدەستهێنا دەنگی 54 نوێنەر بەدەست دەهێنێت، هەر کاندیدایەک پێویستی بە دەنگی 270 نوێنەرە تا ببێتە براوە، ئەم سیستەمە تەنیا لە ویلایەتەکانی نیبراسکا و مەینز جێبەجێ ناکرێت.