نزیکبوونەوەی دەنگدانی پێشوەختە جارێکی دیکە تومانی شکاند

لەگەڵ نزیکبوونەوەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەهای دراوی ئەو وڵاتە جارێکی داکەوت؛ کاندیدادەکانی هەڵبژاردنەکەش بۆ شکشتهێنان بە یەکتری، پەردە لەسەر گەندەڵییەکان هەڵدەدەنەوە.
لە دوا ڕۆژەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئسلامیی ئێران، بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتە بەرز بووەوە و گەیشتە سەرووی 61 هەزار تومەن.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار چوار ڕۆژ بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە، ئاماژەیەک بۆ خراپتربوونی دۆخی ئابووری ئێران و زیاتر داتەپینی بەهای تومەنی ئەو وڵاتە.
ماڵپەری تیجارەت نیوز، لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار گەرمترین پرسە و کاریگەرییەکی زۆری کردووتە سەر بازاڕی دراوی.
لە ڕەوتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێراندا، سەرەکیترین بەربژێرەکانی نەریتخوازان کە دژی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوان، جەخت دەکەنەوە کە دەبێ سیاسەتی ئابووریی کابینەی ڕەئیسی لەسەر بنەمای یاسای بەرنامەی حەوتەمی پەرەپێدانی ئێران بەردەوام بێت.
محەممەد باقر قاڵیباف، بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریی ئێران دەڵێت: "دەبێ بزانین یاساکە هەیە و پێویستە جێبەجێی بکەین نەک بێین و بڵێین دەبێت ئەو یاسایە وەلا بنێین، ئەوە وەلا بنێین جارێکی دیکە یەکدەنگیمان لەدەست دەردەچێ و بیانووگرتن دەست پێ دەکاتەوە".
هەروەها سەعید جەلیلی، بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ "ئێمە بە تەکنەلۆجیایەک کە هەمانە دەتوانین سەرکەوتنی باشمان هەبێ. هەر ئەو سەرکەوتنانە بوونە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتەی سیاسەتی زۆرترین گوشاری لە دژی ئێمە گرتبووە بەر، خۆی هات وتی تووشی شکستی قورس بووین. هێندێک کەس دەیان گوت هیچ کارێکمان پی ناکرێ، بەڵام بە پلان دانان و بەو ڕوانگەیەی شەهید ڕەئیسی هەیبوو، سەرکەوتنی باشمان هەبوو".
لە بەرانبەر ئەوانیشدا تاکە بەربژێری ڕیفۆرمخوازان پێیوایە گەمارۆکان کارەساتبار بوون و بەبێ کردنەوەی دەرگای ئابووریی ئێران بە ڕووی جیهاندا کێشەکان چارە نابن.
مەسعوود پزیشکیان، بەربژێری ڕیفۆرمخوازی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ "ئێمە ئێستا لە فرۆشتنی نەوت زۆر زەرەرە دەکەین. کێ دەبێ وەڵام بداتەوە بۆچی نەوت هەرزانفرۆش دەکەین و هەموو شتێک بە گران دەکڕین؟ ئێمە لە بواری گەندەڵیی ئابووریدا لە ئاستی جیهاندا لە ڕیزبەندی پازدەیەمین. گەمارۆکان کارەساتبارن، ئێمە ناتوانین بەم گەمارۆیانەوە سەرمایەی دەرەکی ڕاکێشین و هاوبەشی ئابووریی ڕاستەقینەمان هەبێ".
سەرەڕای جیاوازیی بۆچوونی کاندیدەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری سەبارەت بە کێشە ئابوورییەکانی ئێران، هەرکامیان ببێتە سەرۆککۆمار، سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چ لە بواری ئابووری و چ لە بواری دیپلۆماسیدا لە لایەن ئایەتوڵلا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە دادەڕێژێ و لە کۆتاییدا ئەوەی جێبەجێ دەکرێ نەک ویستی سەرۆککۆمار بەڵکوو پلانی ڕێبەرە.