کونسوڵی ئەڵمانیا پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ ئاوارەکانی شنگال دووپات دەکاتەوە

کلاوس سترایشێر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر
کلاوس سترایشێر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر

لە میانەی شەشەمین کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان،  کلاوس سترایشێر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد و پاڵپشتی بەردەوامی ئەڵمانیای بۆ ئاوارە ئێزیدییەکان دەربڕی و دووپاتیشی کردەوە، وڵاتەکەی بۆ مسۆگەرکردنی دادپەروەری و ساڕێژکردنی برینەکانی ئێزیدیەکان بەردەوام دەبێت.

سترایشێر ئاماژەی بەوە دا، "ئەڵمانیا میوانداریی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی ئێزیدی دەکات و بایەخێکی تایبەت بە گفتوگۆکانی ئەم کۆنفرانسە دەدات".

لەگەڵ نزیکبوونەوەی 10 ساڵەی جینۆسایدی ئێزیدییەکان، سترایشێر جەختی لە پابەندبوونی ئەڵمانیا کردەوە بۆ پاڵپشتیی ڕزگاربووانی ئێزیدی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێکسی و جێندەری.

ناوبراو تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی ئانا لینا باربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، کە سەردانێکی بەرچاوی بۆ عێراق کردووە و چاوپێکەوتنی لەگەل ڕزگاربووانی ئێزیدی کردووە وگوێگری شایەتحاڵەکانی تاوانە دڕندەییەکانی داعش لە شەنگال بووە.

سترایشێر ئاماژەی بەوەش کردووە، "نابێت هەرگیز ئەم تاوانانە لەبیر بکرێن" و جەختی لەسەر گرنگیی بیرهێنانەوە و قسەکردن لەسەر ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و لێپرسینەوە.

ئەڵمانیا لە ساڵی 2014ەوە لە پێشەنگی هەوڵەکاندایە بۆ هێنانەدی دادپەروەری بۆ قوربانیانی دەستی داعش.

سترایشێر بە وردی پاڵپشتی ئەڵمانیای بۆ کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە لە دهۆک و تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یونیتاد خستەڕوو. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، دادگاکانی ئەڵمانیا یەکەم لایەن بوون کە سزای توندیان بەسەر تاوانبارانی داعشدا سەپاند. هاوکات جەختیشی لە سەرکردایەتیی ئەڵمانیا لە دادگاییکردنی تاوانباران کردەوە.

هەروەها سترایشێر جەختی لە پێویستی یارمەتیدانی قوربانییەکان کردەوە بۆ ڕزگاربوونیان لە ئەزموونی توندوتیژی، تیشکی خستە سەر پاڵپشتی ئەڵمانیا بۆ پەیمانگای چارەسەری دەروونی و زەبر و زەنگی دەروونی لە زانکۆی دهۆک.

ئەم پەیمانگایە دەروونناسەکان ڕادەهێنێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی تەندروستی دەروونی، بە ئامانجی چاکبوونەوەی درێژخایەن و پشتگیریکردن لە ڕزگاربووان.

سترایشێر لە قسەکردن لەسەر توندوتیژی سێکسی و جێندەری لە شەڕە چەکدارییەکاندا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم جۆرە تاوانانە زۆرجار توخمێکی دڕندانەی ستراتیجییەتی شەڕن. ئاماژەشی بەوەدا کە کاریگەرییان لەسەر ژنان، کچان، پیاوان و کوڕان هەیە.

ناوبراو ڕایگەیاند: "بەرەنگاربوونەوەی نەسەپاندنی سزا بۆ ئەم تاوانانە بۆ خۆپاراستن زۆر گرنگە و دڵنیایی دەداتە ئەڵمانیا بۆ بەردەوامبوون لە هەولەکانی لەم بوارەدا".

ناوبراو ستایشی هەماهەنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش و یاسای پاراستنی ئێزیدییەکانی ساڵی 2001ـی وەک هەنگاوێکی بەرچاو هێنایەوە.

سترایشێر داوای زیادکردنی هاوکارییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی کرد، بەتایبەتی کە عێراق پلانی داخستنی کەمپی ئاوارەکانی هەیە.

سترایشێر داوای درێژکردنەوەی ماوەی کاتی داخستنی ئەم کەمپانەی کرد بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی مرۆیی و یەکگرتن و گواستنەوەی زیاتری ئاوارەکان و ڕێگریکردن لە ئاوارەبوونەوەیان و درووستبوونی ناسەقامگیری زیاتر.

Fly Erbil Advertisment