پارتی دیموکراتی تورکیا: ڕۆژئاوا دەیەوێت بە هێرشی تیرۆریستی ناوخۆ ڕووسیا لاواز بکات

ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی تورکیا، مستەفا بۆیورجو، دەڵێت، هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەم دواییە بۆ سەر کۆماری داغستانی ڕووسیا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ڕۆژاوادایە بۆ لاوازکردنی ڕووسیا لە ناوەوە.
بۆیورجو بە ئاژانسی "نۆڤۆستی" ڕاگەیاند، ئەمەریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا پشتیوانی ئۆکرانیا دەکەن و هەوڵدەدەن ململانێکان درێژبکەنەوە بۆ ئەوەی ڕووسیا لاواز بکەن، ئەوە ستراتیجییەتی ئەوانە.
دەشڵێ: ئەگەری بەکارهێنانی گرووپە تیرۆریستییەکان لە سووریا، ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوشارخستنە سەر مۆسکۆ لەلایەن واشنتۆنەوە زۆرە.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوامیی لە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا لە پلانەکانی ڕۆژاوایە بۆ لاوازکردنی ڕووسیا و ئابوورییەکەی.
ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتی تورکیا گوتیشی: بۆ لاوازکردنی ڕووسیا لە ناوەوە، ڕۆژاوا هێرشی تیرۆریستی بەکار دەهێنێت، جا هێرشی کرۆکۆس بێت، کە داعش بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ گرتبێت، یان لە داغستان، ئەمەش ستراتیجییەکە بە ڕوونی دەبینرێت.
لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ڕووسیا ڕایگەیاند، یەکشەممەی ڕابردوو شارەکانی دێربێنت و مەحەچ قەڵا لە داغستان ڕووبەڕووی هێرشێکی تیرۆریستی بوونەوە و پەلاماری دوو کەنیسەی ئۆرتۆدۆکس و کنێستی جوولەکەکان و بنکەیەکی پۆلیسی هاتوچۆیان دا.
لە هێرشەکەدا 21 کەس گیانیان سپارد، کە کارمەندانی ئەمنی و خەڵکی سڤیلیان تێدایە و زیاتر لە 40 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها هێزە ئەمنییەکان لە داغستان کوشتنی پێنج چەکداریان ڕاگەیاند، سەرجەمیان دانیشتووی ناوچەی سێرگۆکالینسکی کۆماری داغستان بوون.