عێراق 12 هەزار بەندکراو و ڕاگیراو ئازاد دەکات

زیندانی
زیندانی

سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق بڵاوی کردەوە، زیاتر لە 12 هەزار بەندکراو و ڕاگیراویان ئازاد کردووە کە ماوەی بەندکردنی یاسایی خۆیان تەواو کردووە.

بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاشکرای کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی مافی مرۆڤ لە ناوەندەکانی بەندکردن و ڕاگیران، هەروەها لەپێناو خێرا تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ ڕاگیراوان و پێوەرەکانی یاسا و وردبینی لە دۆسێی تاوانباران، دوای کۆمەڵێک سکاڵا، سەرۆکایەتی کۆمار لێژنەیەکی لەسەر فەرمانی لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق دروستکرد، لێژنەکە لە نوێنەرانی سەرۆکایەتی کۆمار و وەزارەتی ناوخۆ، داد، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی پێکهاتووە.

ئەو بەیاننامەیە ئاشکرای کردووە، ئەو لێژنەیە چەند کۆبوونەوەیەکی کردووە و گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی کە زیاتر لە 12 هەزار بەندکراو و ڕاگیراو ئازاد بکەن لەوانەی کە ماوەی یاسایی بەندکردنیان تەواو کردووە، یاخود تۆمەتەکانیان لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە ڕەت کراونەتەوە.

ئاشکراشی کردووە کە، لەو ڕوانگەوە سەرۆکایەتی کۆمار پێداگریی دەکات لەسەر کارکردن لەو بوارە و درێخی نەکردن لە جێبەجێکردنی یاسا و گرەنتی جێبەجێکردنی بەشێوەیەکی دروست کە دەستبەری ژیانێکی پڕ لە سەروەری بۆ هەموو تاکێکی عێراقی بەبێ جیاکاری بکات.

Fly Erbil Advertisment