سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: جووتیارەکانمان دڵنیا دەکەینەوە کە ناهێڵین بەرهەمەکانیان بەفیڕۆ بچێت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە سایلۆی قوشتەپە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە سایلۆی قوشتەپە

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کردنەوەی سایلۆیەکی نوێ ڕایگەیاند: جووتیارەکانمان دڵنیا دەکەینەوە کە ناهێڵین بەرهەمەکانیان بەفیڕۆ بچێت.

ڕۆژی سێشەممە (25ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە: دەستکەوتێکی دیکە لە کشتوکاڵدا: سایلۆیەکی 40 هەزار تۆنمان کردەوە، کە تێچووەکەی زیاتر لە 16 ملیۆن دۆلارە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە: بە هاوکاریی کەرتی تایبەت، پیشەسازی خۆراک لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبەین و  جووتیارەکانمان دڵنیا دەکەینەوە کە ناهێڵین بەرهەمەکانیان بەفیڕۆ بچێت.

ڕۆژی سێشەممە (25ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسێکی تایبەتدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە جووتیارانی دەڤەرەکە، سایلۆی قوشتەپەی لە قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر کردەوە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەشەکانی سایلۆکەی بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە چاودێريی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کرد. پاشان لە گوتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگی دروستکردنی سایلۆکان کرد وەک بەشێک لە کارنامەی حکومەت لە بواری گرنگیدانی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ و جووتیارانی هەرێمی کوردستان و کارکردن لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان و خوشحاڵین کە ئێستا لە زۆربەی شارو شارۆچکەکان کۆگای وەرگرتنەوەی گەنم و دانەوێڵە هەیە.

سایلۆی قوشتەپە بە تێچووی 21 ملیار و 276 ملیۆن و 835 هەزار دینار، لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست کراوە و توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن گەنم و دانەوێڵەی هەیە.